وتاری زەریف: سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا تووشی قەیران بووە
وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتارێک دا لەژێر ناوی سیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکا لە قەیران دا، نووسی : بەرجام دوای ڕێککەوتننامەی بەشداری بازرگانی لە دەڤەری ئوقیانوسی ئارام و پەیمانی کەش و هەوای پاریس، سێیەمین ڕێککەوتنی نێودەوڵەتییە کە دەوڵەتی ئەمریکا لێی دەسڵەمێتەوە.
زەریف لەم وتارەی دا کە ڕۆژی پێنج شەممە لە میدیاکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە، وتووشیەتی : دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا بە هەوڵەکانی خۆی زۆرێک لە ڕێککەوتننامەکانی دیکە لەوان نفتا ، نیزامی بازرگانی ئازاد و بەشگەلێک لە سیستمی نەتەوەیەکگرتووەکانی بەرەوڕووی کێشە کردووەتەوەو زەبرێکی زۆری داوە لە چەندلایەنەخوازی و ئاسۆی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە .
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی : کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی ناڤۆکی و گەڕاندنەوەی یەک لایەنە و نایاسایی بایکۆتەکانی ناڤۆکی لە ڕاستی دا ئەوپەڕی بێ بەڵێنی و بنپێکردنی پەیتاپەیتای ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوەیە ، لەحاڵێکدا کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی وەک تەنیا دامەزراوەی پسپۆڕیی نێودەوڵەتی هەمیشە پێبەند بوونی ئێران بە بەرنامەی ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی پشتڕاست کردوەتەوە .
زەریف هەروەها پێداگری کرد : وەزیری دەرەوەی نوێی ئەمریکا بیست و یەکی مانگی مەی 2018 لە قسەگەلێکی بێ بنەما و ناڕێزمەندانەو دەستێوەردەرانەدا،خواست و هەڕەشەگەلێکی لەپێوەندی لەگەڵ ئێران دا ھێنایە ئاراوە کە بەپێچەوانەی داب و نەریتە ناسراوە نێودەوڵەتییەکان و تەواوبە دژی مافە نێونەتەوەییەکان و هەڵس و کەوتی شیاو بوو .
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: پێش مەرجگەلی دوازدە خاڵییەکەی مایک پۆمپێئو لەبەرئەوە جێی پێکەنینە کە ئەمریکا بۆ خۆی لەبەر سەرەڕۆیی و هەوڵدان لە بواری لاوازکردنی چەندلایەنە خوازی ، تەریک کەوتوەتەوە .
زەریف وتی : وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەبێ بزانێ کە گەلی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لەبەرامبەر دەستدرێژکاری و گوشاری جۆربەجۆری ئەمریکا لەوان هەوڵدان بۆ کودەتا و دەستێوەردانی سەربازی ، داکۆکی لە دەستدرێژکار لەشەڕی داسەپاو و سەپاندنی بایکۆتی یەک لایەنە و تەنانەت سەرنخوونکردنی فڕۆکەیەکی موسافیرهەڵگری ئێرانی و دەیان شتی دیکە، بەشێوەیەکی سەربەرزانە وەستاون و خۆڕاگرییان کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی : گەورەترین پشتیوانی نیزامی سیاسیی ئێران ، خەڵکی بیرئازادو ئاشتی خوازە ، جەماوەرێک کە وێڕای قەبووڵ کردنی هاوکاریی ئەرێنی لەگەڵ دونیا بەپێی ڕێزگرتنی بەرامبەر، ئامادەی خۆڕاگری لەبەرامبەر زۆربێژی و فرەخوازی و بەرەڤانی کردنی یەک دەنگ و یەکپارچە لە سەربەخۆیی و سەربەرزیی خۆیانن .
زەریف پێداگری کرد : مێژوو نیشاندەری ئەوەیە کە هێرشبەران بۆسەر سەرزەوینی کۆن و خاوەن شارستانیەتی ئێران وەکوو سەدام و لایەنگرانی چارەنووسێکی ھاوشێوەی ئەوانیان دەبێت وئێران هەروا سەربەرزوسەرفراز و هیوادار بە داهاتووی ڕوونی خۆی ، ڕێگەکەی درێژە پێ دەدات .
وەزیری دەرەوەی ئێران پێداگری کرد : مایک پۆمپێئۆ لەحاڵێکدا بۆ وتووێژ و لێک گەیین لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران مەرج دیاری دەکات کە کومەڵگەی نێودەوڵەتی شک و گومانی جیدی هەیە لەسەر ئەگەری وتووێژ و لێک گەیین لەگەڵ دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا لەسەر هەر پرس و مەسەلەیەک . زەریف هەروەها وتی : هەوڵی نایاسایی و مەترسیی ئەمریکا سەبارەت بە قودسی شەریف، داکۆکی لە هەوڵی دڕندانەی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و پەلاماری ئاسمانی و مووشەکی بۆسەر ناوچەگەلێک لە سوریا لەو نمونە ئاشکرایانەی سیاسەتی بێ بنەمای ئەمریکان.