ئاب 13, 2018 18:36 Asia/Tehran
  • ڕێبەری باڵای شۆڕش: لەگەڵ ئەمریکا دانوستان ناکەین

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بەئاماژە بە لێدوانی ناحەزانەو بێ ئەدەبانەی بەرپرسانی ئەمریکی سەبارەت بە بایکۆت، شەڕ ودانوستان، فەرمووی: جەخت لەوە دەکەینەوە کە شەڕ ڕوونادا و دانوستانیش ناکەین.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەدیدار لەگەڵ هەزاران کەس لە چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک لە وتەگەلێکی گرینگدا، فەرمووی: شەڕ ڕوو نادا چونکە ئێمە وەک ڕابردوو قەت دەسپێکەری شەڕ نابین و ئەمریکییەکانیش هێرش ناکەن چونکە دەزانن و ئاگادارن کە سەتا سەت بەزیانیان تەواو دەبێ ، چونکە کۆماری ئیسلامی وگەلی ئێران سەلماندوویانە، زەبری قورستر دەدرێ لەهەر دەسدرێژکارێک.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی سەبارەت بە پرسی دانوستان لەگەڵ ئەمریکاش پێی داگرت: لەگەڵ ئەمریکییەکان لەبەر، بوونی بەڵگەو سەنەدی ورد، ئەزموونی ڕابردوو و زیانی فراوانی دانوستان لەگەڵ رژیمێکی ساختەچی و زۆربێژ، دانوستان ناکەین.

بەڕێزی، ڕێککەوتنی ئەتۆمی ، بە نموونەی ئاشکرای ئەنجامی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ناوبردو فەرمووی: بە لەبەرچاوگرتنی فورمول و شێوازی ئەمریکییەکان لە دانوستاندا، هەر حکومەتێکی جیهان لەگەڵیاندا دانوستان بکات، بەرەوڕووی کێشەو ئاستەنگ دەبێتەوە مەگەر شێوازەکەی لەگەڵ شێواز و سیاسەتی واشنگتۆن ڕێک بخات کە هەڵبەت حکومەتی ئێستای ئەمریکا تەنانەت زۆرداریی دەکا بەرامبەر ئوروپاییەکانیش.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، هەروەها بەبیرخستنەوەی دوو تاوانی حەوتەی ڕابردووی سەعوودییەکان لە یەمەن واتە ؛ بۆردومانی نەخۆشخانەیەک وپەلاماردانی پاسێکی هەڵگری قوتابیان و منداڵانی یەمەنی و قەڵاچۆی دەیان منداڵی بێتاوان و بێ دەسەڵات، فەرمووی: ویژدانی جیهان لەهەمبەر ئەو تاوانکارییانە ورووژا، بەڵام ئەمریکییەکان لەجیاتی ئیدانەکردنی ئەو کارەساتانە، بە بێ شەرمییەوە باسی پەیوەندیی ستراتژیکی خۆیان لەگەڵ سەعوودییەکان کردو ئەو پرسیارەیان هێنایە ئاراوە کە ئاخۆ بەرپرسانی ئەمریکی بەڕاست مرۆڤن؟

بەڕێزیان جیاکردنەوەی نزیک بەدوو هەزار منداڵ لە دایکەکانیان و زیندانی کردنیان لە قەفەسدا بەبیانووی کۆچبەربوونی ئەو کەسانە، ی بە تاوانێکی کەم وێنەی دیکە ناوبرد و فەرمووی: خاڵی جێ سەرنج ئەوەیە کە ئەمریکییەکان بێ هیچ شەرمێک ئەو کردانە لەبەرچاوی جیهانیان ئەنجام دەدەن.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی پێی داگرت: ئێران یارمەتی دوو وڵاتی سووریاو ئێراقی دا لەهەمبەر هەڕەشەو گوڕەشەکانی ئەمریکاو ئالی سەعوود کە ئەو یارمەتییانە، جۆرێک ئاڵووێری نێوان حکومەتانی دۆست و برادەرە.

ڕێبەری شۆڕش لەبەشێکی دیکەی قسەکانی بەئاماژە بە پێویستیی یەکڕیزیی گشتیی جەماوەر و بەرپرسان، فەرمووی: هیچ بنبەستێک لەوڵاتدا بوونی نییەو بەرپرسان لە هەرسێ دەزگەکە دەبێ بەهەوڵدان، کاری هاوبەش و کەڵک وەرگرتن لە ڕوانگەی کارناسان، گیروگرفتەکان وزەخت وگوشارەکان لەسەرشانی خەڵک هەڵبگرن.

سەرپەیڤ