ئاب 21, 2018 18:02 Asia/Tehran
  • رۆحانی: ئێران، هیچ متمانەیەکی بە ئەمریکا نییە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئێران بەتەواوەتی بێ متمانەیە بەرامبەر ئەمریکاو ئوروپا، چین وکەناداش ئیدی متمانە بە ئەمریکا ناکەن.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی پیشەسازیی بەرگریکارانە لە ئێران، وتی: نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکا یاسایەکیان پەسەند کرد کە تێیدا نابێ لەدژ ئێران شەڕ هەڵایسێنێ، چونکە دەزانن ئێران وڵاتێکی بەهێز و بەدەسەڵاتەو هێرش کردنەسەر ئێران، خەرج هەڵگرە.

رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە ئامادەیی هێزە چەکدارەکان دەبێ بەڕادەیەک بێ کە دوژمن نەوێرێ دەسدرێژی بکاتە سەر ئێران، وتی: هەموو هەوڵ و تێچووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرگری، بەئامانجی پێش گرتن بە سەپێندرانی شەڕ و دەسدرێژکارییە پڕخەرجەکانە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: گەلی ئێران هەردەم هەوڵی داوە بەتەعامول وهاریکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکە ژیانێکی ئاشتیانە بۆ خۆی و بۆ گەلانی وڵاتانی دیکە دابین بکاو ئامادەیی بەرگریی بەمانای ئاشتەوایی پاوەجێ و جێگیرە.

رۆحانی هەروەها جەختی کرد: نەبوونی ئامادەیی و توانای پێویستی بەرگری واتە بەرەوپیریی شەڕ چوون و چرای سەوز نیشاندان بە دوژمن بۆ دەسدرێژی کردن.

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بەئاماژە بە پەرەی دیاردەی تیرۆریزم لە ساڵانی ڕابردوو لەناوچەکەدا وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران دڵخوازانە بەهانای گەلانی ناوچەوە چوو و دەور و ڕۆڵێکی کاریگەری بینی لە پاکتاوکردنی تیرۆریستان لەناوچەدا.

سەرۆکی دەزگەی بەڕێوەبەرایەتیی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ژمارێک وڵاتی دراوسێی ئێران بەڕواڵەت هەوڵ دەدەن، ئاسایشی خۆیان بپارێزن، وتی: ئەوان چەکەمەنی بەگرانترین نرخی مومکین دەکڕن بەڵام بۆ سوودوەرگرتن لە چەکئامێرەکان، ناچارن پێملی ویست و داواکاریی فرۆشەرانی بن. سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبیرخستنەوەی ئەوەی کە لەتایبەتمەندیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داڕشتی جەماوەرییەتی، وتی: پێوەندیی پتەو و بەرفراوانی هێزە چەکدارەکان وگەلی هەر وڵاتێک، دەبێتە مایەی لەشکان نەهاتوویی ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ بیست و دووی ئاگۆست ، وەک رۆژی پیشەسازیی بەرگریکارانە لە ئێران ناودێرکراوە.

سەرپەیڤ