ئه‌یلوول 27, 2018 08:40 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ژاپۆن نەریتی و دۆستانەیە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی و سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ڕۆژی چوارشەممە لە پەراوێزی دانیشتنی ساڵانەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە بیۆیۆرک سەبارەت بە گرینگترین پرسەکانی دوولایەنە، ناوچەیی و نێونەتەوەیی قسەیان کردو بیروڕایان گۆڕییەوە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی و شێنزۆ ئابێ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لەم دیدارەدا وێڕای پێداگرتن لە سەر پەیوەندیی نەریتی و دۆستانەی ئێران و ژاپۆن، لە سەر بەردەوامیی ھاوکاریی ھاوبەشی نێوان دوو وڵات لە بوارە جۆربەجۆرە سیاسی و ئابوورییەکاندا جەختیان کرد.

دۆحانی لەم دیدارەدا وێڕای ئاماژە کردن بە ڕۆڵی گرینگی ژاپۆن لە ئاستی ناوچەیی و جیھان، وتی: پەیوەندی لەگەڵ ژاپۆن وەکوو وڵاتێکی دۆست، بۆ ئێران گرینگە و گەلی ئێران ڕێزێکی تایبەتی بۆ ژاپۆن دادەنێن.

ڕۆحانی وێڕای ڕێزگرتن لە ھەڵوێستی لێبڕاوانەی ژاپۆن لە پشتگری کردنی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام وتی: کشانەوەی ئەمریکا لەم ڕێککەوتنە، خۆدزینەوە لە پەیمانێکی چەند قۆڵی و بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتە و دیارە دەبێ ئیدانە بکرێت. پرسی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام ھاوپەیوەندە بە ئاشتی و سەقامی ناوچەکەوە، جیا لەمە تەواوی وڵاتان بە گوێرەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ لە سەریانە پشتگری لەم ڕێککەوتنە بکەن.

شێنزۆ ئابێ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنیش لەم دیدارەدا وێڕای ھاودەردی دەربڕین لەگەڵ دەوڵەت و گەلی ئێران لە بەر شاڵاوە تیرۆریستییەکەی سەر ئەھواز، وتی: بۆ سەقامی ناوچەکە، وا ھەڵدەگرێ ڕۆڵی گرینگ و دیاری کەری ئێران بەردەوام بێت و تۆکیۆش لە سەر ھاوکارییەکانی لەگەڵ تاراندا لە بواری جۆربەجۆر بەردەوام دەبێت.

شێنزۆ ئابێ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ئێران و ژاپۆن ساڵی داھاتوو نەوەدەمین ساڵگەڕی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دەکەن بە جێژن، وتیشی: پەیوەندییەکانی ھەردووک وڵات نەریتی و دۆستانەیەو سەرچاوە دەوڵەمەندە سروشتییەکان و ھێزی خوێندەواری ئێرانی جێ و شوێنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەرزتر کردووەتەوەو ژاپۆن خوازیاری گێڕدرانی ڕۆڵی ھەڵکەوتەی ئێرانە لە ئاستی جیھانی دا.

شێنزۆ ئابێ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ھەروەھا جارێکی تر لە سەر پشتگریی لێبڕاوانەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام پێی داگرت.

 

سەرپەیڤ