تشرینی یه‌که‌م 03, 2018 08:39 Asia/Tehran
  • زەریف : ئێران ھەڕەشە قەبووڵ ناکات

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێ شەممە لە دانیشتنی چەند لایەنەخوازی و ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە نیۆیۆرک دا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران قەت ھەڕەشە قەبووڵ ناکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، موحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە ھەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە ھەتاکوو ئێستا بەرەوڕووی گوشاری سیاسی و ئابووریی زۆر بووە، پێی داگرت: ئێران ھەر لە سەرەتاوە لە بەرامبەر گوشارو پاڵەپەستۆدا خۆڕاگریی نواندووە، بەڵام قەت ھەڕەشە قەبووڵ ناکات.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: گەلی ئێران بەردەوام وەڵامێکی نەرێنی بە ھەڕەشە دەدەنەوە.

زەریف ھەروەھا ھەرچەشنە دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکای ڕەت کردەوەو وتی: ئەمریکا بۆ دانوستان نابێت و  وڵاتێکی جێی متمانە نییە.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران تیشکی خستە سەر کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجامیش و  وتی: ئێران ناتوانێ ھەموو جارێک لەگەڵ ئەمریکادا بچێتەوە سەر خاڵی سیفرو لە سەرەتاوە دەست کاتەوە بە وتووێژیو دانوستان.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممەش لە وتووێژێکدا لەگەڵ بڵاوکراوەی ئەمریکی نیۆیۆرکر، پێبەند بوون بە ڕێککەوتن و پەیمانەکانی وەک بنەمای پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ناساندو وتیشی: متمانە پێکردن مەرجێکی پێویستە بۆ وتووێژو دانوستان لەگەڵ ئەمریکا.

 داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ھەشتەمی مای وێڕای  دووپات کردنەوەی بوختانگەلی بێ بنەمای دژی ئێران، کشانەوەی واشێنگتۆن لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی  ڕاگەیاند. ئەم ھەنگاوەی ناوبراو لەگەڵ ئیدانەکرانی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەوە.

ترەمپ سەرباری ئەوەی کە ئەم ڕێککەوتنەی وا لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانەوە پەسەند کراوە، پێشێل کردووە، لەم دواییەدا بە ڕووکەشێکی چەواشەکارانەوە ڕایگەیاندووە کە ئامادەی دانوستانە لەگەڵ ئێران دا بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی تازە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەو وتانەی داناڵد ترەمپ بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە: پێشنیاری دانوستان لەگەڵ ئێران لە لایەن داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە لە ھەل و مەرجێکدا دەکرێت کە دەوڵەتی ئەمریکا بەبێ ھیچ جۆرە پاسایەکی گونجاوو بە پێچەوانەی تەواوی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام کشاوەتەوەو بایکۆتەکانی نادادگەرانەی خۆی ھەمیسان بە سەر گەلی ئێراندا سەپاندووەتەوە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ١٣ی ئوتی ڕابردوو لە بارەی پرسی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا جەختی کرد: لەگەڵ ئەمریکییەکاندا لە بەر بوونی کۆمەڵێک بەڵگەی ڕێک و پێک و ئەزمونی ڕابردوومان و ئەو زیانە زۆرەی کە لە دانوستان لە گەڵ ڕژێمێکی ساختەچی و ملھوڕ دەکەوێتەوە ، وتووێژو دانوستان ناکەین.

سەرپەیڤ