تشرینی دووه‌م 16, 2018 11:41 Asia/Tehran
  • ڕەخنەی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕوانگەی ئامرازیانەی ئەمریکا و کەنەدا بەرامبەر بە مافی مرۆڤ

باڵیۆز و جێگری نوێنەرایەتیی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕوانگەی ئەمریکا و کەنەدا بەرامبەر بە مافی مرۆڤی بە ئامرازیانە وەسف کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "ئیسحاق ئالی حەبیب" شەوی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ئاماژە بە پێشنووسی بڕیارنامەی پێشنیاریی مافی مرۆڤی کەنەدا دژ بە ئێران کە بە داکۆکیی ئەمریکا ئامادە کراوە وتی: گەورەترین دوژمنانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی  ئەو کەسانەن کە ئەو دوو چەمکە دەکەنە ئامرازێک بۆ بەرەو پێش بردنی سیاسەتی دەرەوەییان دژ بە گەلان و دەوڵەتانی یاسایی ئەو وڵاتانەی کە لە ئاراستەی قازانج و بەرژەونەدیی ئیستیکباریی ئەواندا نین.

باڵیۆز و جێگری نوێنەرایەتیی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە وەبەر ڕەخنە و گازندە دانی قسەکانی ئەمدوایەی "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بەوەی کە هەڕەشەی برسێتی لە هەموو خەڵکی ئێران کردبوو، وتیشی؛ دەکار هێنانی خۆراک و دەرمان وەک چەکێک دژ بە شاروومەندان جەنایەتی دژ بە مرۆڤایەتییە.

ئیسحاق ئالی حەبیب وتی: هێزێکی تێکدەر بە وەڕێ خستنی شەڕێکی تۆکمە و تەواوی ئابووری دژ بە ئێرانییەکان لە دووی بێ ئاکام کردن و یان بەلاڕێدا بردنی هەوڵەکانی ئێران لە پێناو بەرز کردنەوەی پێگەی مافی مرۆڤە.

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها بە ئاماژە بە داکۆکیی هەمەلایەنەی کەنەدا لە جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە فەلەستینییەکان ڕایگەیاند؛ بۆ کەنەدا چارەنووسی بە ملوێنان قوربانیی دەسدرێژکاریی ئیسراییل هیچ بایەخێکی نییە.

شایانی باسە لێژنەی سێهەمی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشنووسی مافی مرۆڤی دژ بە ئێرانی خستە بەر دەنگدانەوە کە نەیتوانی دەنگی ئەرێنیی ٩٨ وڵاتی ئەندام بە دەست بێنێ.

ئەم لێژنەیە ئێوارەی پێنجشەممە  پێشنووسی بڕیارنامەکەی کەنەدای خستە بەر دەنگدانەوە کە هەموو ساڵێ دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەوەرەی مافی مرۆڤ دەر دەکرێ.

لەو پرۆسەیەدا، ٨٥ ئەندام دەنگ ئەرێنی، ٣٠ ئەندام دەنگی نەرێنی و ٦٨ئەندامیش دەنگی بێ لایەنیان دا.

ئەم پێشنووسە دەبێ لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بێتە ئاراوە کە بێتوو دەنگی زۆرینە بە دەست بێنێ وەکوو بڕیارنامە تۆمار دەکرێ.

سەرپەیڤ