شوبات 15, 2019 17:45 Asia/Tehran
  • شەرمەزارکرانی پەلامارە ترۆریستییەکەی زاهیدان لەئاستی ناوچەو جیهاندا

ڕووداوە ترۆریستییەکەی زاهیدان لەگەڵ شەرمەزارکرانی بەرفراوان لە ئاستی ناوچەو جیهاندا بەرەوڕوو بووە.

باڵوێزخانەی ئیسپانیا لەتاران لەپەیامێکدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی لەگەڵ خێزانی شەهیدانی پەلامارە ترۆریستییەکەی زاهیدان، ئەو پەلامارەی بەتوندی ئیدانە کرد.

باڵوێزخانەی تورکیا لەتارانیش، لەپەیامێکدا وێڕای شەرمەزارکردنی پەلاماری ترۆریستیی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، هەڵکەوتوو لەباشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران، پێی داگرت: تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم لەتەنیشت گەل و حکومەتی دۆست وبرادەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ.

بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی(حەماس) و جەهادی ئیسلامیی فەلەستین و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای شیعەکانی لوبنان، پەلاماری ترۆریستیی ڕۆژی چوارشەممەی سەر سنورپارێزانی ئێران لە زاهیدانیان بەتوندی ئیدانە کرد.

هەروەها "عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا" سەرۆکی کارگێڕیی حکومەتی یەکگرتووی نیشتمانیی ئەفغانستان رۆژی هەینی لە ڕێوڕەسمێکدا لە کابول وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ خێزانی شەهیدان و بریندارانی ئەو پەلامارە ترۆریستییە، وتی: وەها پەلامارگەلێک لەئیسلامدا، ناڕەواو بەپێچەوانەی دینە.

حکومەتی ڤەنزۆئێلاش بەدەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای ئیدانەکردنی پەلامارە ترۆریستییەکەی سەر پاسی هەڵگری سنورپارێزانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە پارێزگای سیستان وبەلووچستان هاوخەمیی دەربڕی لەگەڵ خێزانی شەهیدان و بریندارانی ئەو پەلامارە ترۆریستییەو هەروەها حکومەت و گەلی ئێران.

چوارشەممە شەو پاسێکی هەڵگری سنورپارێزانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جاددەی خاش بۆ زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لەباشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران، کەوتە بەرپەلاماری ترۆریستان کە لەو ڕووداوەدا بیست و حەوت کەس لە سنورپارێزانی ئێران شەهیدو ١٣کەسیش بریندار بوون.

تاقمی ترۆریستیی ناسراو بە"جیش الظلم" بەرپرسایەتی ئەو پەلامارەی گرتووەتە ئەستۆ.