شوبات 22, 2019 18:29 Asia/Tehran
  • زەریف:

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئامرازی پشتیوانیی چالاکییە تیجاریەکان(ئینستێکس)ی بە پێشەکییەک ناوبرد بۆ جێ بەجێ کرانی وادەو بەڵێنیەکانی ئوروپا.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمانە لەگەڵ رۆژنامەی سوئیسی "باسلر سایتونگ" کە رۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، بەئاماژە بەوەی کە پاش چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، گشت لایەنەکانی ئەو ڕێککەوتنە، بەڵێنیەکانیان لە ١٢ بڕگەدا قەبووڵ کرد، وتی: ئینستێکس تەنیا پێشەکییەکە بۆ جێ بەجێ کرانی وادەکانیان.

زەریف بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا هەموو هەوڵی خۆی دەکارگرتووە هەتا ئێران بەچۆکدابێنێ، بەڵام بێ ئاکام دەبێ، وتی: ئەگەر گشت کڕیاران ومشتەریانی نەوتی ئێران بڕیاربدەن لەهەمبەر هەڕەشەو گوڕەشەی ئەمریکا ملکەچ ببن، ئێران ڕێگایەکی دیکە دەگرێتەبەر.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها بەئاماژە بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی ئێرانی لە سوریا وتی: ئامادەبوونی ئێران لە سوریا لەسەر بانگهێشت کرانی حکومەتی ئەو وڵاتە بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم.

زەریف بەئاماژە بەوەی کە بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم کۆتایی نەهاتووە، وتی: ترۆریستان بەسیما و ڕواڵەتی جیاواز دەردەکەون و ئەوان چاوەڕوانی ئەوەن لە دەرفەتێکی شیاودا دووبارە کردەکانیان بەردەوام بکەن.

وەزیری دەرەوەی ئێران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە رژیمی زایۆنی لەناوچەدا خەریکی سەرکێشی و گۆبەندنانەوەیە، وتی: رژیمی ئیسرائیل بە پێشێلکردنی سنوری ئاسمانیی سوریا، لوبنان و هەروەها یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان، لەهەوڵی شێواندنی ئاسایشی ناوچەکەدایە.