ئادار 21, 2019 11:17 Asia/Tehran
  • رۆحانی لە بروسکەی پیرۆزبایی ساڵی١٣٩٨ی هەتاوی: گومان لەوەدانییە کە گەلی ئێران سەرکەوتوو دەبێ

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە پەیامێکی بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی١٣٩٨ی هەتاوی، ساڵی١٣٩٧ی بە ساڵی سەرکەوتنی گەلی ئێران لەبوارە جیاجیاکاندا زانی و وتی: بێگومان گەلی ئێران سەرکەوتن بەدەست دێنێ و بەسەر گیروگرفتەکاندا تێدەپەڕێ.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری، "حەسەن ڕۆحانی" ئاماژەی کردە بایکۆت وگەمارۆ یەکلایەنەو نایاساییەکانی ئەمریکا بەدژ ئێران و وتی: دوژمن وایدەزانی لەو ئابلۆقانە، هەموو جیهان و هاوپەیمانانی لەگەڵیدا دەبن، بەڵام گشت وڵاتانی جیهان جگە لە چەند وڵات ، لەتەنیشت گەلی ئێراندا ڕاوەستان.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە هەموو کۆڕ و نێوەندە نێودەوڵەتییەکان لەوان، ڕێکخراوی نەتەوەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ، گەلی ئێرانیان لەسەر هەق زانی و وتی: ئەوانەی پەیمان شکێنیان کرد و تاوانیان ئەنجام دا، دەبێ بزانن کە کۆتایی ئەو ڕەوتە بەقازانجیان نابێ.

رۆحانی هەروەها ئاماژەی کردە پەیوەندیی شیاوی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وتی: ساڵی نوێ، ساڵی دۆستایەتی و هاوڕێتی زیاتر لەگەڵ گشت وڵاتانی دراوسێیە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕوو لە گەلی مەزنی ئێرانیش وتی: ساڵی نوێ، ساڵی یەکڕیزیی زیاتر و هەوڵدانی زیاترە.

رۆحانی هەروەها وتی: ئێرانیان لە ساڵی نوێدا دەست لەنێو دەستی یەکتردا لەهەمبەر ئەوانەی دەیانەوێ گەلی ئێران بشکێنن، ڕادەوەستن و مەزنایەتی و شکۆیان زیاترلەڕابردوو، پێشانیان دەدەن.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە ساڵی نوێ، ساڵی وەبەرهێنان، هەوڵدان و دۆزینەوەی هەلی کارکردن بۆ گەنجانی ئێرانییە، وتی: دەوڵەت لەوبارەوە هەموو هەوڵ وتوانای دەخاتەگەڕ.

رۆحانی، ساڵی نوێی پیرۆز کرد لە گەلی مەزنی ئێران، ئێرانیانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات و هۆز و ئەتنە جیاجیاکان و ئەو دراوسێیانەی نەورۆز بەرز ڕادەگرن.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە پەیامێکدا بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی١٣٩٨ی هەتاوی ، وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی جێژنی نەورۆز و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پڕخێر وبێری ئەمیری بڕواداران حەزرەتی عەلی (ع) لە هاونیشتمانیانی ئازیز بەتایبەت خێزانی خودان ڕێزی شەهیدان و جانبازان و وێڕای بەئاوات خواستنی ساڵێکی پڕلەشادی، بەختەوەری، لەش ساخی و سەرکەوتنی ڕۆژ لەدوای رۆژی ماددی و مەعنەوی بۆ گەلی ئێران، ساڵی نوێی بە ساڵی "ڕەونەقی وەبەرهێنان" ناودێر کرد.