ئادار 29, 2019 19:02 Asia/Tehran
  • نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە قاھیرە: ئەو کارەی ترەمپ ھەنگاوێکی دیکەیە لە ئاراستەی ئاڵۆزی چێکردن لە ناوچەکەدا

نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قاھیرە، کرداری ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە مەڕ بە فەرمی ناسینی سەروەریی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییەکانی جۆلانی سوریای بە ھەنگاوێکی دیکەی ئەمریکا لە ئاراستەی ئاڵۆزی چێکردن لە ناوچەکەدا زانی.

نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قاھیرە لە پەیجی توییتێڕەکەی دا، وێڕای بڵاو کردنەوەی وێنەیەکی واژۆکردنی ڕاگەیاندننامەکەی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا  لە مەڕ بە فەرمی ناسینی سەروەریی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا، نووسی: «ئەو ئاھەنگە لە ڕاستی دا نومایشێکی ملھوڕی و پاوانخوازیی ئەمریکایە و ھەنگاوێکی دیکەی واشێنگتۆن لە ئاراستەی ئاڵۆزی چێکردن لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناڤین دایە، گروپی شەڕخوازان ھەر ھەموو بەشداری نومایشەکەن».

«ناسر کەنعانی» سەرۆکی نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قاھیرەش لە وتارێکدا،ھەنگاوەکەی ئەمریکای لە مەڕ بە فەرمی ناسینی سەروەریی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییەکانی جۆلانی سوریاو لکاندنی بە سەرزەوییەداگیرکراوەکانی دیکەی ژێر ڕکێفی ڕژێمی زایونیی بە زرینگانەوەی ژامێکی پڕ مەترسی بۆ تەواوی وڵاتانی ناوچەکە زانی کە نابێ بە خەمساردی و بەسەندەکردن بە دەرکردنی ھێندێک بەیاننامەی چەند پاتەوە بوو، چاوپۆشیی لێ بکرێت.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی مارسی ٢٠١٩ لە ھەنگاوێکی دژبە یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و وێڕای پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان، بڕیارێکی واژۆ کرد کە بە گوێرەیەوە واشێنگتۆن سەروەریی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆلانی سووریا بە فەرمی دەناسێت.داناڵدترەمپ ئەم بڕیارەی لە واشێنگتۆن و لەبەردەم بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی دا  واژۆ کردووە.ئەم بڕیارەی ترەمپ لەگەڵ کاردانەوەی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوە.

ڕژێمی زایونی لە ساڵی ١٩٦٧ ، نزیکەی ھەزارو دووسەد کیلومەتری چوارگۆشە لە خاکی سووریای لە بەرزاییەکانی جۆلان داگیر کردو دوای ماوەیەک ئەم ناوچەیەی نووساند بە سەرزەوییە داگیرکراوەکانەوە. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی قەت ئەم داگیرکارییەی بە فەرمی نەناسیوە.

ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانیش ئەم ناوچەیەی بە داگیرکراو ناوەزەد کردووە. کەچی دەوڵەتی ئەمریکا پشتیوانی داگیرکارییەکانی ڕژێمی زایونییە.

ھەر لەم حاڵەدا «بەھرام قاسمی» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وێڕای ئیدانەکردنی ئەو بڕیارەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە جۆلانی داگیر کراو، جۆلانی بە بەشێکی دانەبڕاوەی سەرزەوینی سووریا زانی کە بێجگە لە کۆتایی ھێنان بە داگیرکردنی ھیچ ڕێگایەکی دیکەی بۆ نییە.

جێگای ئاماژەیە داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەشەمی دیسامبەری ساڵی ٢٠١٧ی زایینی شاری داگیرکراوی قودسیشی وەکوو پێتەختی ڕژێمی ساختەی ئیسرائیل ناساندو باسی  گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ قودسی داگیر کراوی کرد کە سەرەنجام ڕۆژی دووشەممە ١٤ی مای ٢٠١٨ لە سای لێنەھاتوویی و خەمساردیی ڕێکخراوەکانی بانگەشەکەری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەی نەتەوەکان ، ئەو بڕیارەی خۆی جێبەجێ کردو باڵوێزخانەی خۆی لە تەلەبیبەوە گواستەوە بۆ قودسی داگیرکراو. ئەم  کردەوە یەک لایەنەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا  دژی قودسیش شەپۆلی ئیدانەکردن و ناڕەزامەندیی جەماوەریی لە جیهانی ئیسلام ، ئەورووپاو تەنانەت لەنێوخۆی ئەمریکاش دا هەڵایساند.

سەرپەیڤ