نیسان 17, 2019 15:33 Asia/Tehran
  • موسەوی: گۆڕدرانی شوناسی ئەمریکا بووە بە داخوازییەکی جیھانی

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە قسەکانی دژی ئێرانیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا وتی:گۆڕدرانی شوناسی ئەمریکا لە بەر پەرە سەندنی نەیارەتیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەگەڵ ھەڵس و کەوت و ھەنگاوەکانی ئەو وڵاتە،بووە بە داخوازییەکی جیھانی.

مایک پەمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە زانکۆی « ئەی، ئاند، ئێم»ی ئیالەتی تێکزاس، ئێرانی بە پشتگری کردن لە تیرۆریزم و ئەنجام دانی ھەنگاوی تێکدەرانە لە ناوچەکەو جیھان تۆمەتبار کردو وتی: ئەمریکا لە سەر سیاسەتی گوشار خستنە سەر ئێران ھەتا گۆڕدرانی شوناسی تاران بەردەوام دەبێت.

« سەیید عەبباس موسەوی» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: ھەرچی کات و سات تێ دەپەڕێت سەرکردەکانی ڕژێمی ئێستای ئەمریکا  بۆچوونەکانیان ڕوونترو ئاشکراتر لە پێشینیانی خۆیان دەر دەخەن  و لە مەڕ گۆڕینی ھەڵس و کەوتی تاران بۆ گۆڕینی حکومەت دەدوێن و ئێستاش باسی گۆڕردانی شوناسی ئەم وڵاتە دەکەن.

موسەوی وتیشی: ئەمریکا لە بەر تیرۆریزمە ئابوورییەکەی و ناردنی ملیاران دۆلار چەک و چۆڵ بۆ قەڵاچۆی خەڵکی سڤیلی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، ڕێگری کردن لە ڕاپەڕێندرانی دادگەری سەبارەت بە تاوانکارانی جەنگی و بکوژانی پەیامنێران، ھەڕەشە کردن لە سەقام و ڕێکمەندی، ئاشتی و پاوەجێیی نێونەتەوەیی و ھەروەھل ڕێزنەگرتن لە ژینگەو مافی مرۆڤ و بایەخەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و مافی نەتەوەکان، دەبێ شوناسی خۆی بگۆڕێت.

ئەمریکا لەپاش کشانەوەی لە ڕێککەوتنی نێونەتەوەیی بەرجام پێکدادانێکی ھەمەلایەنەی بۆ گوشارخستنەسەر ئێران وەڕێ خستووە.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند.

قۆناغی یەکەمی ئەم بایکۆتانە لە حەوتی ئوتەوە جێبەجێ کراو قۆناغی دووھەمیش کە داگری بایکۆتی کڕینی نەوت لە ئێرانیشە لە پێنجەمی نوامبەرەوە بەشێوەی فەرمیانە چووەتە واری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لە بەر پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دژایەتیی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان ڕایانگەیاندووە کە پشتگری لە بایکۆتە دژی ئێرانییەکانی ئەمریکا ناکەن.