May 14, 2019 08:56 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: ئێران بەهێزتر لەوەیە کە کەس بتوانێ هەڕەشەی لێ بکات

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێوارەی دووشەممە لە دیداری مامۆستایانی ئایینی و بلیمەتانی سوننەی سەرانسەری ئێراندا، جەختی کرد: کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێران گەورەتر لەوەن کە کەسێک بتوانێ هەڕەشەیان لێ بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمارەتی؛ "حەسەن ڕۆحانی" بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئەمڕۆکە شایەتی هەڕەشە و گوڕەشەی جۆربەجۆر لە لایەن دوژمنانەوەین، وتی: بە سەربەرزی و سەربەستییەوە و بە شکست پێ هێنانی دوژمنان لەو قۆناغە دژوارە دەرباز دەبین.

ڕۆحانی بە ئاماژە بە بەشداریی چالاکانەی سوننەکان لە هەموو گۆڕەپانەکانی شۆڕشدا وتی: سوننەکانی ئێران لە هەموو گۆرەپانەکاندا بەتایبەت لە بواری هەڵبژاردنەکاندا هەموو هاتوونەتە پێی سنووقەکانی دەنگدانەوە و نوێنەرانیان هەڵبژاردووە.

حەسەن ڕۆحانی وتی: شۆڕشی ئیسلامیی ئێران تایبەت بە هیچ ئایینزایەک نییە و هەموو گەلی ئێران و  هەموو ئایین و ئایینزاکان لە گۆڕەپانی شۆڕشدا بەشدارییەکی بەربڵاو و چالاکانەیان هەبووە و هەموو ئەمانە خاوەنی وڵات و شۆڕشن.

سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژە بەوەی کە پارێزگە سەرسنوورییە سوننەکان لە دەسپێکی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە بەردەوام سنوورەوانانی ئەمەگداری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون، جەختیشی کرد: ئەمڕۆکە  ئەوە بە چاوی خۆمان دەبینین کە چۆن شیعە و سوننە لە تەنیشت یەکتری و  شان بە شانی یەکتری  هەوڵ دەدەن بۆ گەشە پێدان  و پێشکەوتنی وڵاتەکەیان.

سەرپەیڤ