ئاب 21, 2019 08:48 Asia/Tehran
  • تەختی ڕەوانچی: ئامادەبوونی هێزە بیانییەکان لە کەنداوی فارسدا، قەبووڵنەکراوە

نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان دوێشەو(سێ شەممە) پاراستنی ئاسایشی کەنداوی فارسی بە ئەرکی وڵاتانی دەڤەری کەنداوی فارس زانی و وتی: ئامادەبوون و دەسوەردانی هێزە بیانییەکان لەو ڕێگا ئاوییە ستراتژیە، ناجێگیرکەر و قەبووڵنەکراوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "مەجید تەخت ڕەوانچی" لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ تاووتوێی کێشەو ئاستەنگەکانی بەردەم ئاشتی و ئاسایش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پێی داگرت؛ هەر هەوڵدانێک بۆ هێنانەدی هاوپەیمانی دەسکرد وساختە بۆ ئاسایشی گەمییەوانی لەناوچەی کەنداوی فارسدا بەرەوڕووی شکست دەبێ.

نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان لەو دانیشتنەدا، وێرای ئەوەی پرسی فەلەستینی بە سەرەکیترین و درێژخایەنترین کێشەی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین زانی ، وتی: تاکاتێک کە ئەو قەیرانە چارەسەر نەکرێ، ئاشتی وئاسایش لەو ناوچەدا جێگیر نابێ.

تەختی ڕەوانچی بەئاماژە بەوەی کە پرسی فەلەستین لەبەر داگیرکرانە نایاساییەکەی لەلایەن رژیمی ساختەی رژیمی زایۆنی هاتووەتەدی، وتی: ئەو قەیرانە تەنیا لەڕێی کۆتایی داگیرکەریی، چارەسەر دەبێ.

نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان ئاماژەشی کردە گەڵاڵەی ئەمریکی"سەودای سەدە" و وتی: ئەو گەڵاڵەیە لەبەر ئەوەی تێیدا پرسی داگیرکرانی نایاسایی فەلەستین لەبەرچاو نەگیراوە، مەحکوم بە شکستە.

تەختی ڕەوانچی لە درێژەی ئاخاوتنەکەیدا ئاماژەی کردە دەسوەردانەکانی ئەمریکا لەناوچەو وتی: نیشانەو شوێن پێکانی ئەو دەسوەردانانە بەئاسانی لە ئێران، ئەفغانستان، عێراق، سوریاو یەمەن بەرچاو دەکەوێ.

نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان پاشان پێڕستێکی لە تاوانکاریی و دەسوەردانەکانی ئەمریکا لەکاروباری ناوخۆی ئێران بۆ وێنە کودەتا دژ بە سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئێران لە٢٨ی گەلاوێژی١٣٣٢ی هەتاوی و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی موسافرهەڵگری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە٢٩٠موسافر لەوان ٦٦ منداڵ لەسەر ئاسمانی ئاوەکانی کەنداوی فارس لە ژوولای١٩٨٨ی خستەڕوو و وتی: ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی کێشەو گرفتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە.

تەختی ڕەوانچی ئاماژەشی کردە بایکۆت و گوشارەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران و پێی داگرت: پیلانی گوشار خستنەسەر ئێرانی ئەمریکا، شکست دێنێ.

نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕوو لە بەرپرسانی ئەمریکی وتی: ئێران بەهەزاران ساڵ لەناوچەدا ئامادەبوونی بووە و بەهەزاران ساڵیش لەو ناوچەدا دەمێنێتەوە.