ئاب 22, 2019 20:08 Asia/Tehran
  • ناردەی نۆ ملیارد دۆلاریی ئێران بۆ عێراق

سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای کرماشانی ڕۆژئاوای ئێران باسی بارستایی نۆ ملیارد دۆلاریی ناردەی ئێران بۆ عێراقی کرد لە ساڵی ٢٠١٨ داو وتی: پارێزگای کرماشان بە ڕادەی سێ ملیارد دۆلار ناردەمەنی بۆ عێراق پشکێکی ھەرە گرینگی ھەبووە لەم ڕادە ئاڵووێرەی کاڵاو شت و مەک دا.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ھەواڵدەریی ئیرنا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای کرماشانی ڕۆژئاوای ئێران باسی بارستایی نۆ ملیارد دۆلاریی ناردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ عێراقی کرد لە ساڵی ٢٠١٨ داو وتی: پارێزگای کرماشان بە ڕادەی سێ ملیارد دۆلار ناردەمەنی بۆ عێراق پشکێکی ھەرە گرینگی ھەبووە لەم ڕادە ئاڵووێرەی کاڵاو شت و مەک دا.

«کەیوان کاشفی» سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای کرماشان ڕۆژی پێنج شەممە لە کۆبوونەوەی شاندی بازرگانیی پارێزگای بابلی عێراق لەگەڵ بازرگانان و سەوداکارانی کرماشان لە سەر پێویستیی پاراستن و بەرز کردنەوەی ئاستی ناردەی ئێران بۆ عێراق جەختی کردو وتی: ستراتژیای گرینگی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناردەی کەرەستەی سەرەتایی ، بەرزکردنەوەی ئاستی سەرمایەنانەوەی ھاوبەش و کەڵک وەرگرتن لە سنوورە ھاوبەشەکان لەگەڵ عێراقە.

سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای کرماشان ھەروەھا لە سەر پێویستیی زیادکرانی ڕادەی ترانزیت و گواستنەوەی نێوان دوو وڵات پێی داگرت و وتیشی: بە سەرنجدانی ئەمەی کە ئێران و عێراق بارستاییەکی ھەرە بەرچاویان لە ڕووی ترانزیت و گواستنەوەی ناوچەکەدا ھەیە، ھەلی زیادکردنی ڕادەی ترانزیتی نێوان دوو وڵات ھەتا ئاستی پێنج ھێندەی ئێستاش مسۆگەرە.

«سادق ھاشم فازڵ» سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای بابلی عێراقیش وێڕای ئاماژە کردن بەو بەرنامانەی کە بۆ پەرە پێ دانی ئاڵووێری کاڵاو شت و مەک لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراق لەبەرچاو گیراون، وتی: لە سەردانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق ھێندێک ڕێککەوتن لە نێوان دوو وڵات کراوە کە یەکێک لە خاڵەکانی پێکھێنانی ناوچەی ئازادە لە لێواری سنووریی نێوان ئێران و عێراق.

شاندی ئابووریی پارێزگای بابلی عێراق بە مەبەستی پەرە پێ دانی ھاوکارییە بازرگانییەکان لەگەڵ پارێزگای کرماشان بۆ گەشتێکی سێ ڕۆژە سەردانی ئەم پارێزگایەی کردووە.

عێراق لەو ھاوبەشە سەرەکیانەی ئێران دێتە ئەژمار لە ڕووی بازرگانی و ئاڵووێری کاڵاو شت و مەکەوە.

سەرپەیڤ