تشرینی یه‌که‌م 15, 2019 15:14 Asia/Tehran
  • رۆحانی: بایکۆتی خۆراک و دەواو دەرمانی خەڵکی ئێران، سەرشۆڕیەکی گەورەیە بۆ ئەمریکا

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە چوونەدەر لەڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی ئەتۆمی، سەرشۆڕییە بۆ ئەمریکا، پێی داگرت: بایکۆتی خۆراک و دەواو دەرمانی خەڵکی ئێران، شەرمەزاریی و شۆڕەییەکی گەورەترە بۆ حکومەتی ئەمریکا.

"حەسەن رۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی سێ شەممە لە شەست و سێهەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی تەندروستیی ناوچەی دەریای ناوەڕاستی رۆژهەڵاتیی ڕێکخراوی جیهانی تەندروستی لەتاران، بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا تاوانی دژە مرۆیی ئەنجام داوەو کردەکەی جۆرێک لە ترۆریزمی ئابورییە، وتی: زانستوەران، توێژەران، کارئافرێنان و بەرهەم هێنەرانی ئێرانی سەرباری زەخت وگوشاری کەم وێنەی ئابوریی و بایکۆتە نادادگەرانەکان، بەرەو خۆبژیویی تەواو هەنگاو دەنێن.

رۆحانی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە هەشتاو سێ ملوێن ئێرانی تاوانی ئەمریکا لەبیرناکا، وتی: ئەمریکا دۆڕاوی ئەو گۆڕەپانە دەبێ و لەجیهانی سیاسەتدا، ئەخلاق و مرۆڤایەتیشدا ئێران سەرکەوتوو بووە و ئەمریکا شکستی هێناوە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە شەڕ و ترۆریزم هۆکاری گرینگی تێکدانی سەلامەتی کۆمەڵگایە، وتی: داگیرکردن و هێرشی سەربازی لە یەمەن، سوریا، ئێراق و ئەفغانستان بەومانایەیە کە خەڵک لەو ناوچانە بەرەوڕووی گرفتی زۆر دەبنەوەو سەلامەت و تەندروستیی جەماوەر دەکەوێتەمەترسی.

رۆحانی هەروەها بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ئێران لەبارودۆخی دژواردا دراوسێکانی لەبیرنەکرد، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دابین کردنی پاکپارێزی وتەندروستی و دەرمان هەردەم لەتەنیشت گەلی ئێراق و سوریادا بووە.

سەرپەیڤ