تشرینی دووه‌م 14, 2019 12:11 Asia/Tehran
  • رۆحانی : فەلەستین و قودسی پیرۆز، گرینگترین پرسی جیهانی ئیسلامە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، فەلەستین و قودسی پیرۆزی بەگرینگترین پرسەکانی جیهانی ئیسلام زانی و وتی: بیروڕای گشتیی جیهانی ئیسلام ڕێگە بەدوژمنان نادا پرسی فەلەستین و قودسی پیرۆز لەبیربکرێ.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری، "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی پێنج شەممە لەڕێوڕەسمی دەسپێکرانی سی و سێهەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی وەحدەتی ئیسلامی لەتاران بەئاماژە بە بێ ئاکامیی سیاسەتەکانی ئەمریکاو رژیمی زایۆنی لەسای بێداری و هۆشیاری جیهانی ئیسلام، وتی: کوشت وبڕی خەڵکی ئەفغانستان، کوشتاری خەڵکی عێراق و خەڵکی ستەملێکراوی یەمەن و دووبەرەکی نانەوە لەنێو وڵاتانی ئیسلامی، لە شوێنهاتەکانی پیلانگێڕیی نگریسی ئەمریکا لەناوچەدا بووە.

رۆحانی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە فەلەستین دەبێ بەدەست فەلەستینیەکان و موسڵمانانی قارەمانی ئەو ناوچە، ڕزگار بکرێ، وتی: بەرەی لاو دەبێ لەوە تێبگات کە ئەمریکا دۆست وبرادەری گەلانی ناوچەو موسڵمانان نەبووەو نابێ و چارەسەریی پرس و کێشەکانی ناوچە دەبێ بەدەست خەڵکانی ئەو ناوچەیە ئەنجام بگرێ.

سەرۆک کۆماری ئێران وێڕای دەربڕینی مەخابنی لە سازانی چەند وڵاتی ئیسلامی لەگەڵ رژیمی زایۆنی و کەڵک وەرگرتن لە ئیمکاناتی هەواڵگریی ئەو رژیمە لەدژ گەلانی موسڵمان و رەوتی خۆراگری، پێی داگرت: کۆماری ئیسلامیی ئێران لەریزی پێشەوەی بەرەوڕووبوونەوەی رژیمی زایۆنی وئەمریکایە لە بەرەڤانی کردن لە گەلی فەلەستین.

سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها لەو ڕێورەسمەدا پەردەی لادا لەسەر ١٢ کتێبی هەڵبژاردەی کۆڕبەندی جیهانیی لێک نزیک کردنەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان.

میوانانی سی و سێهەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی وەحدەتی ئیسلامی شەوی ڕابردوو(چوارشەممە) بەئامادەبوون لەسەر مەرقەدی ئیمام خومەینی(ڕە) ڕێزیان گرت لە پلەوپێگەی بەرزی دامەزرێنەری کەبیری کۆماری ئیسلامیی ئێران.

سی و سێهەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی وەحدەتی ئیسلامی هەتا دوو رۆژی داهاتوو درێژە دەدا بە چالاکییەکەی لەتاران. 

سەرپەیڤ