تشرینی یه‌که‌م 22, 2020 21:38 Asia/Tehran
  • بانگ کرانی باڵوێزی سوییسڕا لە تاران بۆ وەزارەتی دەرەوە

باڵوێزی سوییسڕاو پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین لەمەڕ بانگەشەی واشێنگتۆن سەبارەت بە دەستوەردانی تاران لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا، بانگ کرایە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

«سەعید خەتیب زاوە» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە بە ڕاگەیاندنی بانگ کرانی باڵوێزی سوییسڕاو پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران لە لایەن ھاریکاری وەزیرو بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری ئەمریکا کە دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ھێندێک بانگەشەی بێ ناوەڕۆکی کاربەدەستانی ئەمریکی لەمەڕ دەستوەردانی وڵاتانی دیکە لە ھەڵبژاردنەکانی بەردەم ئەو وڵاتە، ئەنجامی گرت، وتی: ئێران وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەو بانگەشە و ڕاپۆرتگەلە ساختەکارانەو ناشارەزایانەیەی واشێنگتۆن، جارێکی تر جەخت لەوە دەکاتەوە کە، بۆ تاران ھیچ جیاوازییەکی نییە کە کام لەو پاڵێوراوانەی ئێستا ترەمپ و یان بایدێن لە کۆشکی سپی دا جێگیر ببن.

خەتیب زادە وتیشی: ڕژێمی ئەمریکاو دەزگا ھەواڵگری و ئاسایشتییەکانی ئەم وڵاتە کە پێشینەیەکی درێژماوەیەیان لە دەستوەردان و ئاژاوەنانەوە لە ھەڵبژاردنی وڵاتانی دیکەیان لە دۆسیەدایەو لە دنیای ساختەکارانەو وەھماویی خۆیاندا بەرتەسک بوونەتەوە،ئێستاکە لە سەروبەندی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکادا بانگەشەیەک دەھێننە ئاراوە بۆ ئەوەی بەشکو بە چەواشەکاری ، پرۆژەی نادیموکراسیانەو سیتاریۆ پێشترداڕێژراوەکەیان ببەنە پێشەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: ئامۆژگاریی ئێران بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە واز لە چەواشەکاریی بێ کەڵک ، بوختانی بێ ناوەڕۆک و سیناریۆی گومانلێکراو بھێنێ وھەوڵ بدات وەک وڵاتێکی ئاسایی لە ئاستی نێونەتەوەیی دا ھەڵس و کەوت بکات.

جێگای ئاماژەیە «جان ڕاتکلیف» بەڕێوەبەری ھەواڵگریی نیشتیمانیی ئەمریکا، ئێران و ڕووسیای بە ھەوڵدان لە ئاراستەی دەستوەردان لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا تۆمەتبار کردووە.

سەرپەیڤ