ئاب 22, 2019 12:51 Asia/Tehran
  • تەمەل کارا مەلا ئوغلو سەرۆکی پارتی بەختەوەریی تورکیا: ئەوەی بە ھەڵبژاردن دێت دەبێ بە ھەڵبژاردنیش بڕوات

تەمەل کارا مەلا ئوغلو سەرۆکی پارتی بەختەوەریی تورکیا لە ڕەخنەگرتنێکدا بەرامبەر بە کردەوەی وەزارەتی نێوخۆی تورکیا لە مەڕ دوور خستنەوەی سێ سەرۆک شارەوانیە کوردەکە ئەم وڵاتە وتی : ئەوەی بە ھەڵبژاردن دێت دەبێ بە ھەڵبژاردنیش بڕوات.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی دیوار،تەمەل کارا مەلا ئوغلو سەرۆکی پارتی بەختەوەریی تورکیا لە ھەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەدا مەڕ دوور خستنەوەی سێ سەرۆک شارەوانیە کوردەکەی تورکیا بە قەرمانی وەزارەتی نێوخۆی ئەم وڵاتە وتی : کەس بۆی نییە خۆی لە جێگای دادگەو دادوەر دابنێت، بەرنگاریی دژی خواستی گەل دەستکەوتی بۆ کەس نابێت، بنەمای دیموکراسی ئەوەیە کە ھەرکەس بە ھەڵبژاردن دێتەسەرکار ھەر دەبێ بە ھەڵبژاردنیش وەلا بنرێت.

ناوبراو لە قسەکانی دا جەختیشی کرد، ئێمە لە لە ھەر کات و سەردەمێک دا پشتگریمان لە خەباتی دژی تیرۆریزم کردووە. ئەو پێکھاتانەی لە بارەی پرسی دادەڤانییەوە لە وڵات دا دەستەڵاتیان ھەیە دیارن و ئەو پێکھاتانەش دادگەکانن . دەستەڵاتی سیاسیش ھەر بە مافەوانییەوە بەستراوەو کەس بۆی نییە خۆی بە دادگەو دادوەر بزانێت. ئەگەر بڕیارێک دراوە دەبێ ڕەوتێکی بنەمایی و دادەڤانیی تێپەڕ کردبێت، ئێمە نەیاری ھەر ھەنگاوێکین کە بەبێ ڕەچاوکرانی پرۆسەو ڕەوتێکی مافەوانی ھەڵگیرا بێت. ئەگەر تاوانێک کراوە ئەو تاوانە دەبێ لە ڕێگای دامەزراوە یاساییەکانەوە سەلمێندرا بێت. بەو بڕیارەی دیاری کردنی بریکارو سەرپەرشت ھەر بەو جۆرەی کە مافێک پێشێل کراوە خواستی گەلیش پێشێل کراوە.

جێگای ئاماژەیە وەزارەتی نێوخۆی تورکیا دووشەممەی ڕابردوو بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند:سەرۆک شارەوانییە کوردەکان لە  گەورە شارەکانی ئامەدو ماردین و وان، بە پێچەوانەی یاساکانی ئەم وڵاتە شارەوانییەکان بەڕێوە دەبەن و بوجەو پارە تەرخان دراوەکانی شارەوانی و ھەروەھا مسۆگەرات و سەرچاوە مرۆڤی و دراڤییەکان لە خزمەتی ئامانجەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا«پەکەکە» بەکار دێنن و بەم پێیە "عەدنان سەلجووق مەزراکلی"،"ئەحمەد تورک" و خاتوو "بەدیعە ئوزگوکچە ئارتان" ی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە.