ئامادەیی هێزەکانی ڕووسیا لە دەریای ڕەش
دوابەدوای ڕاگەیەندرانی بڕیاری ناتۆ بۆ بەهێز کردنی هێزەکانی لە دەریای ڕەش دا ، هێزەکانی ڕووسیاش لەو ئاوانەدا لە حاڵەتی ئامادە باش دان.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئیتارتاس ، "سێرگێی شایگۆ" ی وەزیری بەرگریی ڕووسیا دوێنێ پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بۆ "ڤێلادیمیر پووتین" ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا کوتی سەرجەم یەکینەکانی کۆپاپۆڕی دەریای ڕەش ی ڕووسیا و یەکینە ئاسمانییەکانی ڕووسیا کە لە نیمچە دوورگەی کریمە ، کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادە باشەوە و ئامادەی بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوەی هەرچەشنە هێرشێکی دەرەکین.
شایگۆ کوتیشی لە میانەی مانۆڤڕێکدا کە لە کریمە لە بەڕێوە چوون دایە و یەکینەکانی کۆپاپۆڕی دەریای ڕەش و هێزە ئاسمانییەکانی بەرگریی کەناری ، بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئاسمانییەکانی دوژمن و بەرەڤانی کردن لەبەرامبەر پەلامارە ئاسمانییەکانی وڵاتانی دەرەکی بۆسەر ناوچە کەنارییەکان تاقی دەکەنەوە.
کردەوەی ئەندازیاریی سەربازی و پاسەوانی کردن لە هێزەکانی سەقامگیر لە ناوچەکەش خەریکە ئەنجام دەدرێت.
ئەو مەشقە سەربازییە لە دوو ڕۆژ لەمەوە بەرەوە لە پانتاییەکی زۆرترلە 3 هەزار کیلۆمیتری چوار گۆشە بەڕێوە دەبرێت و 18 بنکەی سەربازیش تێیدا بەشدارن.
لەو مانۆڤڕەدا چەک و چۆڵی پێشکەوتووی ڕووسی ، لەوان سیستمی مووشەکیی کەناریی "باستیوون" یش بەکار دەهێندرێت.
پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ناتۆ لەماوەی 2 ساڵی ئەمدواییانەدا و لەبەر پرسی ئۆکراین ڕووی لە ساردی ناوە.
"یەنس ستۆڵتێنبێرگ" ی سکرتێری گشتیی ناتۆ ئەمدواییانە ڕایگەیاندووە کە ناتۆ بوونی خۆی لە دەریای ڕەش دا بەهێزتر و هێزێکی زۆرتر لەو دەڤەرە سەقامگیر دەکات.