تشرینی یه‌که‌م 17, 2017 14:09 Asia/Tehran
  • بەرگری لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا

نوێنەرانی فەرانسا و ئەڵمان لە کۆبوونەوەی لێژنەی یەکەمی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان کرد لە سەر بەڵێنمەندی وڵاتەکەیان بە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک و هەروەها پارێزرانی ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "مایکل بیونتینۆ" نوێنەری ئەڵمان لە نەتەوە  یەکگرتووەکان وتی: بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش ئەنجامی ١٣ ساڵ دیپلۆماسییە و پاراستنیشی ئاسایش و هێوریی جیهان دەستەبەر دەکات.

"فرانسوا دیلتەر" نوێنەری فەرانسا لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە پێداگری لە سەر پێبەندی ئەم وڵاتە بە پارێزرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران وتی: ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک پیشانی داوە کە پێشگری بە پەرەسەندنی چەکی ئەتۆمی لە ڕێگای دیپلۆماسی و دانوستانەوە گونجاوە.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی لێژنەی یەکەمی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە بە تەوەرەی چەکداماڵینی ئەتۆمی بەڕێوە چوو، وڵاتانی ئەندامی پێشنیارەکانی خۆیان لە بواری قەدەغەی پەرەسەندنی چەکی ئەتۆمی و چەکداماڵینی چەکی کۆکوژیان ئاراستە کرد.

هاوکاریی نێودەوڵەتی لە بواری دەکارهێنانی ئاشتیانەی کەش، کەم کردنەوەی و شەفاف کردنی خەرج و بەرجی سەربازی، قەدەغەی بەرهەم هێنان و پەرەسەندنی هەموو چەشنە چەک و چۆڵی کۆکوژ و بەدیهاتنی ناوچەیەکی بەدوور لە چەکی ئەتۆمی لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناڤین، لە مژار و بابەتەکانی بەرس باس و لێکدانەوە لەم کۆبوونەوەیەدا بوو.

سەرپەیڤ