تشرینی دووه‌م 24, 2019 14:14 Asia/Tehran
  • کاربەدەستێکی ڕووس: کارا کردنەوەی بایکۆتی سەر فۆردۆ زەبروەشاندن لە بەرجامە

بەبڕوای سەرۆکی ناوەندی ئاسایشت و وزەی ڕووسیا، ئەمریکا بە کارا کردنەوەی بایکۆتی سەر فۆردۆ جارێکی تر پەیمان شکاندن و پێشێلکردنی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکانی ئاشکرا کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی ئیرنا،«ئانتۆن خلۆپکۆف» سەرۆکی ناوەندی ئاسایشت و وزەی ڕووسیا لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە کارا کرانەوەی بایکۆتی سەر بنکەی ناڵۆکیی فۆردۆ لە لایەن ئەمریکاوە وتی: ئەمریکا لە ماوەی یەکساڵ و نیوی ئەم دواییە ھەموو جۆرە ھەنگاوێکی دژی بەرجام ھەڵگرتووەو ئەو ھەنگاوانەش بە پێچەوانەی بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشتن لە کاتێکدا کە خودی ئەمریکا لە دەستپێشخەرانی ئەم بڕیارنامەیەو بە تایبەت ڕێککەوتنی بەرجامە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە «مایک پەمپێئۆ» وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وێڕای ئاماژە کردن بە ڕاگەیاندنی دەست پێ بوونەوەی چالاکییەکانی پیتاندن لە بنکەی ناڤۆکیی فۆردۆ لە لایەن سەرۆک کۆماری ئێرانەوە، ھەڵوەشاندنەوەی بەخشینی بایکۆتەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بنکەیەی ڕاگەیاند بوو کە ئەم بڕیارە لە ١٥ی دیسامبەری ٢٠١٩ەوە دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە.

سەرۆکی ناوەندی ئاسایشت و وزەی ڕووسیا لە درێژەی وتخکانی دا جەختی لەوە کردووەتەوە کە: لە ھەل و مەرجێکدا کە ئەمریکا نەک ھەر لە بەرجام کشاوەتەوە، بەڵکو وڵاتانی دیکەش لە ڕاپەڕاندنی ئەم ڕێککەوتنە دەگێڕێتەوەو لە سەر ڕێگای جێبەجێکرانی لەمپەر قوت دەکاتەوە، دیارە ئێرانیش ناتوانێ بێ دەنگ دانیشێت و دۆش دابمێنێ و ئاوا کاردانەوەیەک لەلایەن تارانەوە ڕێی تێ دەچوو.

ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە کشانەوەی نایاسایی و یەک لایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و بێ بەڵێنیی لایەنە ئەورووپییەکان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا، بە پشت بەستن بە دوو بڕگەی ٢٦و ٣٦ی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام، ڕەوتی کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی خۆی دەست پێ کردووە.

سەرپەیڤ