تشرینی یه‌که‌م 19, 2016 07:40 Asia/Tehran
  • سەرچاوە نەوتییەکانی باشووری موسڵ لە ژێر ڕکێفی سوپای ئێراق

هێزە ئێراقییەکان توانیان لەڕەوتی پێشڕەوییەکانیان بەرەو موسڵ، کۆنترۆڵی سەت چاڵەی نەوتی لەباشووی ئەو شارە بگرنەدەست.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی سەداوسیما، بەرپرسانی کاروباری نەوتیی ئێراق ڕایانگەیاند، هێزە هاوبەشە ئێڕاقییەکان رۆژی سێ شەممە لە هێرشەکانیان بۆسەر پێگەو مۆڵگەکانی داعش لەباشووری موسڵ، سەت چاڵەی نەوتی لە کۆنترۆڵی تیرۆریستان دەربێنن.

بەرپرسانی ئێراقی وتیان، چاڵە نەوتییەکانی ناوچەی قەیرە لە ٥٠ کیلۆمیتری باشووری موسڵ لە کۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعش هێنراوەتەدەر.ئەو ناوچەیە٩٠ چاڵەی نەوتی تێدا لێدراوە.

هەروەها دەڤەری نەوتیی نەجمە لەباشووری موسڵ کە دە چاڵی نەوتی لەخۆگرتووە، لەچنگ داگیرکەرانی ڕەشەکوژی داعش ڕزگار کراوە.

بەرپرسانی ئێراقی هەروەها ڕایانگەیاند، لەو سەت چاڵە نەوتییە، بەرلەوەی تیرۆریستانی داعش داگیری بکەن، نەوت بەرهەم دەهێندراو لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە هەناردە دەکرا.

نەوتی دەڤەرە نەوتییەکان لە باشووری موسڵ لەجۆری نەوتی قورس و لە بازاڕە جیهانی یەکاندا ناوبانگی هەیەو تیرۆریستانی داعش بڕێکی زۆری ئەو نەوتەیان بۆ دەرەوەی ئێراق قاچاخ دەکرد.

بەرپرسانی کاروباری نەوتیی ئێراق پێیان داگرت ؛ پاش هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان لەناوچەدا، کارناسان توانیان ئەو چاڵە نەوتیانەی تیرۆریستانی داعشی ئاوریان داون، بکوژێننەوە.