کانونی یه‌که‌م 07, 2016 16:07 Asia/Tehran
  • چەند هەوڵی تیرۆریستی لە

سەرکردایەتی ئاسایشی بەغدای پێتەختی ئێراق ڕایگەیاند شەش هەوڵی تیرۆریستی لە گەڕەکە جیاجیاکانی ئەو شارە ڕووی داوە .

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، سەرکردایەتی ئاسایشی بەغدا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە ئۆتۆمبیلێک لەنزیک نەخۆشخانەی"ابن القف" لەباکووری بەغدا تەقییەوە کە بەهۆیەوە، شارومەندێکی ئێراقی گیانی لەدەست داو کەسێکی دیکەش بریندار بوو.

لەدرێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە؛ ناوچەکانی کەسرەو عەتەش، حەی ئورو و سەبعە قسور لەڕۆژهەڵاتی پێتەختی ئێراق، شایەتی تەقینەوەی سێ بۆمب بوون کە بەهۆیانەوە، حەوت شارومەندی ئێراقی بریندار بوون.

دوو تەقینەوەش لە ناوچەکانی حەی قاهیرە لەباکووری بەغداو شاڕێی جەیش لە ڕۆژهەڵاتی ئەو شارە، ڕووی دا کە بەهۆیانەوە، دوو شارومەندی ئێراقی گیانیان لەدەست داو پێنج کەسیش بریندار بوون.

پەلامارە تیرۆریستییەکانی بەغداو ناوچەکانی دیکەی ئێراق لەحاڵێکدا ئەنجام دەگرێ کە هێزە هاوبەشە ئێراقییەکان(سوپا، خەڵک و هێزی پێشمەرگە) خەریکی سەندنەوەی شاری موسڵ لە گرووپی تیرۆریستیی داعشن.