کانونی یه‌که‌م 07, 2016 16:35 Asia/Tehran

"سەلیم جبوری" سەرۆکی پەرلەمانی ئێراق هیوای خواست کە ژاپۆن هەروا درێژە بدات بە ڕۆڵگیڕانی لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەی لەپاش شکستی تیرۆریستانی داعش.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی"الیوم السابع"؛ سەلیم جبوری وتی کە ڕووداوە توندوتیژەکان لە ئێڕاق بەزوویی کۆتاییان پێ دێ و دەبێ کەڵک وەربگیردرێ لە هەلی چوونەنێو کەشی سەقام و گەشەو پێشکەوتن.

ناوبراو لە قسەگەلێکدا لە باڵوێزخانەی ژاپۆن لە بەغدا کە بەبۆنەی جێژنی نەتەوەیی ژاپۆن بەڕێوە چووبوو، خوازیاری هەنگاوهەڵگرتن بۆ گۆڕانکاریی لەلایەن تۆکیۆوە لەمەڕ پرۆژەکانی گەشەی ئێراق بوو و ڕێزی گرت لە دەوری ژاپۆن لەمەڕ داکۆکی کردنی لە ئێڕاق لەسەردەمی قەیرانی ئەو وڵاتەدا.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێراق وتی: ئێمە هیوادارین ژاپۆن داکۆکیی خۆی لە گەڵاڵەکانی بنیات نانەوە پاش کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی خاکی ئێراق لەبندەستی تیرۆریستانی داعش درێژە پێ بدات.

ناوبراو هەروەها داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد، بۆ بەرەوڕووبوونەوەی کێشەو ئاستەنگەکان و بارودۆخی تایبەت، بەرنامەڕێژی بکات.