May 26, 2017 10:34 Asia/Tehran
  • دادگای ئێراق داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی 24 پەرلەمانتار دەکات

سەلیم جبوری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق رایگەیاند دادگای عێراق داوای لێ کردوون پارێزبەندی 24 پەرلەمانتاری عێراق هەڵبگیرێ، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەکانیان بکات.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، جبوری گوتی "ژمارەی ئەو داوایانەی بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە، گەیشتووەتە 24 داوا".

جبوری ئاماژەd بە ناوەڕۆکی داوایەکان و مێژووی گەیشتنیان بە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەو هەنگاو و رێکارانە نەکرد کە لەو بارەیەوە نراون.

هاوکات لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، سەلیم جبوری مافی ئەندامیەتی پەرلەمانی لە محەمەد تائی وەرگرتەوە بەهۆی تێپەڕاندنی رێژەی یاسایی ئامادەنەبوونی لە کۆبوونەوەکان.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، ئەگەر ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە لە پێنج دانیشتنی دوابەدوای یەک یاخود 10 دانیشتن لەکاتی جیاوازدا لە ماوەی یەک خولی ساڵانە بەبێ پاساو ئامادە نەبێت، مافی ئەندامیەتی لە دەست دەدات.