ئاب 16, 2017 18:50 Asia/Tehran
  • باڵوێزی ئاڵمانیا لە عێراق: ڕیفراندۆم ڕێگاچارەیەکی گونجاو نییە

باڵوێزی ئاڵمانیا لە عێراق ڕایگەیاند: بەرلین لەو باوەڕەدایە کە لە حاڵی ئێستادا بەڕێوە چوونی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی عێراق ناتوانێ ڕێگاچارەیەکی گونجاو بێت بۆ کێشەکانی ئەم وڵاتە.

سیرییەل نان باڵوێزی ئاڵمانیا لە بەغدا ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیرنا ڕایگەیاند: دەوڵەتی ئاڵمانیا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە گرفتەکانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی عێراق بە شێوەی فەرمیی بە ئاگاداریی بەرپرسانی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق گەیاندووە.

هەتاکو ئێستا زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەو جیهان و دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا لەگەڵ گەڵاڵەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا نەیارەتیی خۆیانیان ڕاگەیاندووە. شاندێکی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراقیش بە مەبەستی وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە لە بەغدا بەسەر دەبات.

نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێ کخراوەی نەتەوەکان لە عێراقیش ئەمڕۆ چوار شەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیرنا وێڕای ئاماژە کردن بە گرفتە یاساییەکانی گەڵاڵەی ڕیفرانڕۆمەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە سەر پێویستیی چارەسەر کرانی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا لە ڕێگای دانوستانەوە پێی داگرتووە.

بڕێک لە پارت و لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق حەوتەمی ژوئەن لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ مەسعودبارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق  لە سەر بەرپا کرانی ڕیفراندۆم لە 25ی سپتامبەری 2017 ڕێککەوتن و ئەمەش بابەتێکە کە لەگەڵ دژایەتیی لێبڕاوانەی دەوڵەت و لایەنە جۆربەجۆرەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە دا بەرەوڕوو بووەتەوە.