تشرینی یه‌که‌م 18, 2017 07:44 Asia/Tehran
  • ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی سوپای ئێراق لە کەرکووک؛ بەرگری لە یەکێتیی ئێراق

جێگری سەرۆک کۆماری ئێراق پێی داگرت: ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی سوپای ئێراق لە زاڵ بوونەوەی سەر لە نوێی دەوڵەتی ناوەند بە سەر کەرکووک دژایەتی کردنی شاروومەندانی کورد نییە بەڵکوو دژ بە یاساشکێنانە.

هێزی ئێراقی لە یەکەم کاژێرەکانی سەر لە بەیانی دووشەممەوە ئۆپەراسیۆنی خۆی بۆ وەرگرتنەوەی شاری کەرکووک و بیرە نەوتەکانی دەست پێ کرد کە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن تا ئێستا بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی کەرکووک کەوتۆتە دەستی هێزەکانی سوپای ئێراقەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئەلعالەم؛ "نووری مالکی" جێگری سەرۆک کۆماری ئێراق شەوی سێشەممە وتی: ئۆپەراسیۆنی دامەزراندنەوەی ئاسایش و گەڕاندنەوەی پلە و پێگە و دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی بۆ کەرکووک تەنیا دژ بەو یاساشکێنانەیە کە ڕاشکاوانە پێبەند نەبوونی خۆیان بە یاسای بنەڕەتی نیشان دا و هەموو فەکتەرەکانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان ئەتن  و نەتەوە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگای کەرکووکیان کردە قوربانی.

مالکی هەروەها داوای لە هەمووو لایەن و کۆتلە سیاسییەکان کرد بە یەکدەنگی بۆ بەرگری لە نیشتمان و دەسکەوتەکانی پرۆسەی سیاسی لە ئێراق هەوڵ بدەن.

"سەید عەمار حەکیم" سەرۆکی پارتی حیکمەتی نیشتمانیی ئێراقیش کردەوەکانی دەوڵەتی بەغدا لە کەرکووک بۆ بەرگری لە ئاسایش، پاوەجێی و یەکێتی وڵات زانی و وتی: ئەم کردەوەیە بە داکۆکیی هەموو چینێکی خەڵک و لە چوارچێوی یاسای بنەڕەتی و داکۆکی و پشتیوانیی ناوەندەکانی یاسادانەر ئەنجام دەبێ.

حەکیم بە ئاماژە بە دەوری هێزی پێشمەرگە لە خەباتی دژ بە داعش شان بە شانی هێزە چەکدارەکانی ئێراق، خوازیاری بەردەوام بوونی هەوڵەکان بۆ درێژە پێدرانی دانوستان لە پێناو چارەسەر کردنی کێشە و ناکۆکییەکان و خۆدوور خستنەوە لە هەرچەشنە شەڕ و پێکدادان لە ئاراستەی قازانج و بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئێراق بوو.

" ئەبووومەهدی موهەندیس" سەرۆکی هێزەکانی بەسیجی جەماوەری (حەشدی شەعبی)یش ئۆپەراسیۆنی گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ شاری کەرکووک نموونەیەک لە هەواهەنگی و هاوکاریی نێوان هێزە ئێراقییەکان زانی و ڕێز و سپاسی دەربڕی بەرامبەر بە دەوری فەرماندەرێتیی گشتی هێزە چەکدارەکان، سوپا و سەرۆک کۆمارەتی لە گەڕاندنەوەی خێرا و چەن کاژێریی کۆنترۆڵی شاری کەرکووک.

"شێخ عەبدولەتیف هەمیم" سەرۆکی ئیدارەی ئەوقافی سوننەکانی ئێراقیش لە بەیاننامەیەکدا بە ڕەخنە لە هەرچەشنە هەوڵ و فیتنە بۆ دابەش کردنی ئەم وڵاتە، داکۆکی کرد لە هەوڵەکانی دەوڵەتی بەغدا بۆ دامەزراندنەوەی یاسا و ڕێسا لە کەرکووکدا.

هەوڵی دیکە ئەوەیە کە ژێدەرە ئەمنییەکانی ئێراق باسی جێبەجێ کرانی یاسا و ڕێسای قەدەغەی هاتووچۆ لە شاری کەرکووک لە شەوی ڕابردووەیان کرد.

هاوکات "ڕاکان جوبووری" پارێزگاری کاتیی کەرکووکیش بە ئاماژە بەوەی کە بەرپرسایەتیی پاراستنی ئاسایشی کەرکووک دەخرێتە ئەستۆی هێزی پۆلیسی ئێراقەوە، داوای لە هەموو خەڵکی ئەم پارێزگەیە کە ماڵ و حالی خۆیان بەجێ هێشتووە کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ شار و ئاواییەکانیان.

هێزە ئەمنییەکانی ئێراق شەوی سێشەممە دەستیان گرت بە سەر باڵاخانەی پارێزگاریی کەرکووکەوە.

"حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی ئێراق شەوی دووشەممە پاش کۆتایی هاتنی دوادەرفەتی ٧٢ کاژێری کە درابوو بۆ پاشەکشەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە کەرکووک، فەرمانی دەسپێبوونی ئۆپەراسیۆن بۆ زاڵ بوونی هیزە ئێراقییەکان بە سەر کەرکووک و وەرگرتنەوەی بیرە نەوتەکانی ئەم ناوچەی دەرکرد.

سەرپەیڤ