کانونی دوھەم 18, 2018 18:11 Asia/Tehran
  • پەرلەمانی عێراق پێی نەکرا هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە پەک پێ بخات

پاش نەیارەتیی نوێنەرانی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی عێراق لەگەڵ شێوازی دەنگ وەرگرتن سەبارەت بە کاتی بەرپا کرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوەی دنگ وەرگرتنی نهێنیی لە بارەی پەک خستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی خستە شەممەی داهاتوو.

نوێنەرانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق ( هاوپەیمانیی نیشتیمانی) ڕۆژی پێنج شەممە دوابەدوای ناکۆکی لە گەڵ سەرۆکی پەرلەمان لە سەر شێوازی دەنگ وەرگرتنی سەبارەت بە پەسەند کردنی کاتی بەرپاکرانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە بەشداری کردنی کۆبوونەوەی ئاشکرای پەرلەمان کشانەوەو لە ئەنجام دا گەڵاڵەکە سەری نەگرت.

دوای فراکسیۆنی پەرلەمانیی هاوپەیمانیی نیشتیمانی، فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە کۆبوونەوەی دەنگ وەرگرتنی نهێنی سەبارەت بە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمان کشایەوە.

فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانی سوننە هاوڕێ لەگەڵ کوردەکانیش خوازیاری دواخرانی کاتی بەرپاکرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقن لانیکەم بۆ شەش مانگی دیکە.

ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق بڕیارە ١٢ی مای ٢٠١٨ لە ١٨ بنکەی ھەڵبژاردن لە سەرتاسەری عێراق دا لەوانە ئەو ناوچانەی کە لەژێر ڕکێفی تاقمی تیرۆریستیی داعش ڕزگار کراون بەڕێوە بچێت، بەڵام بڕێک لە ڕەوت و باڵە سیاسییەکانی عێراق ھەوڵی ئەوە دەدەن کە بە بیانووی جۆربەجۆر ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان پەک پێ بخەن.

هەر لەم حاڵەدا سەرۆکی هاوپەیمانیی (فەتح) بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، وێڕای دژایەتی کردن لەگەڵ دواخرانی کاتی بەرپاکرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەم وڵاتە، لەم بارەیەوە وشداریی دا.

هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی (فەتح) بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی پێنج شەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵیی سومریەی عێراق هەڵوێستی خۆی لە بارەی پرسی وەدواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە ئاشکرا ڕاگەیاندو وتیشی: پەک خستنی ئەم هەڵبژاردنە بە واتای هەنگاو هەڵگرتن بەرەو چارەنووسێکی نادیارە.

هادی عامری وتیشی: هاوپەیمانیی (فەتح) بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سەر پێویستیی بەرپا کرانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کاتی دیاری کراوو لە چوارچێوەی پاراستنی یاسای بنەڕەتی پێ دادەگرێت و نوێنەران دەبێ ڕێز لە یاسای بنەڕەتی بگرن.

 

سەرپەیڤ