حوزه‌یران 13, 2018 01:57 Asia/Tehran
  • سائیروون و فەتح گەورەترین هاوپەیمانی لە پەرلەمانى داهاتووی عێراقدا پێک دەھێنن

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر و سەرۆکى لیستى سائیرون ڕایگەیاندووە: لەگەڵ لیستى فەتحدا ڕێککەوتوون بۆ پێکهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی لە پەرلەمانى داهاتووی عێراقدا .

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراقەوە: موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر و سەرۆکى لیستى سائیرون کە بەرەوەى یەکەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقە، ڕایگەیاندووە: لەگەڵ لیستى فەتح کە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و دووەم لیستی هەڵبژاردنەکان بووە، ڕێککەوتوون بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لە پەرلەمانى داهاتووی وڵاتەکەیاندا.

هاوکات  ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژى لیستى فەتحیش بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەو وتانەی موقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە، لەگەڵ سائیرون ڕێککەتووین لەسەر بەرنامەیەکى حکومی بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکانى عێراق و دروستکردنى حکومەتێکى خزمەتگوزار.

وتەبێژى لیستى فەتح جەختی لە سەر ئەوەش کردووە کە، هەرکەس بەرنامەى ئەم هاوپەیمانییەى بەدڵە بۆی ھەیە بڕواتە ڕیزیانەوە و هەرکەسیش بەدڵی نیە با ببێتە ئۆپۆزسیۆنێکى بنیادنەر.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتریش لیستەکانی سائیرون و وەتەنییە و حیکمە کە موقتەدا سەدر و ئەیاد عەلاوی و عەمار حەکیم سەرۆکایەتییان دەکەن، هاوپەیمانێتییەکیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق ڕاگەیاند.

هاوپەیمانییەکە لەژێر ناوی (زۆرینەی نیشتیمانی باوکایەتی) پێکهێنراوە و لەسەر ١٢ خاڵ ڕێککەوتوون، لەوانەش زۆرینەی نیشتیمانی باوکایەتی، یەکپارچەیی عێراق و پاراستنی دەستوور و چەسپاندنی دیموکراسی و ئازادییە گشتییەکان، هاوپەیمانێتییەکە دەرگای لەبەردەم لایەنەکانی تر واڵایە بۆ پێکهێنانی حکومەت و تەنها پشت بە خۆی نابەستێت. کوتلەی زۆرینەی نیشتیمانی باوکایەتی بەرنامەیەک بۆ حکومەت دادەنێت و وادەش بۆ جێبەجێکردنیان دیاری دەکات.

ئەم هاوپەیمانییە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەبێت، کە ژمارەی کورسییەکانی لە ١٠٠ کورسی تێپەڕدەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسەند نەکراوە و پەرلەمانیش بڕیاری داوە تەواوی دەنگەکان بە دەست بژمێردرێنەوەو لە دوا ئاڵ و گۆڕەکانی عێراقیش دا ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو گەورەترین ناوەندی ڕاگیرانی سندوقەکانی دەنگ وەرگرتن لە عێراق بەرلەژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان ، ئاگری تێ بەردراو بەتەواوی سووتێندرا .

جێگای ئاماژەیە ، پەرلەمانی عێراق چوارشەممە شەشی ژوئەن لە کۆبوونەوەیەکی نایاسایی دا ، داوای ژماردنەوەی دەستیی گشت دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی ئەم ولاتەی کرد بوو. 

سەرپەیڤ