حوزه‌یران 15, 2018 20:24 Asia/Tehran
  • داوا لە تورکیا دەکەین سەروەریی خاکی عێراق بپارێزێت

وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرش کردنە سەر قەندیل و شەنگال رایگەیاند: داوا لە تورکیا دەکەین سەروەریی خاکی عێراق بپارێزێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەمید یەحیا زوبەیدی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وتی: "هیوادارین لایەنی تورکی ڕێز لە سەروەریی عێراق و خاکی عێراق بگرێت، خاکی عێراق و سەروەریەکەی لەلایەن هێزی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزە سەربازییەکانی عێراقەوە دەپارێزرێت وەهەروەها ئێمە نامانەوێت خاکی عێراق بۆ کاری تیرۆریستی لە دژی وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "داوا لە تورکیا دەکەین سەروەریی خاکی عێراق بپارێزێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی ئێمە لە شەنگال هەن وە پێشمەرگەش لە قەندیل نزیکن کە بەشێکن لە سیستمی بەرگریی عێراق کاری هەموو ئەم هێزانە پاراستنی سەروەریی عێراق و هەموو نەتەوە جیاوازەکانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نین خاکی عێراق بۆ هێرش کردنی سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنرێت، بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی هەروڵاتێک لەناو خاکی عێراق چاوەڕێی فەرمانی سەرکردەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەین".