ئاب 20, 2018 01:41 Asia/Tehran
  • ھەوڵەکان بۆ پێکھێنرانی گەورەترین کۆتلە لە ئاراستەی دامەزراندنی حکومەتی تازەی عێراق بەردەوامە

لە ئاکام دا ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەندکراو هەوڵەکانیش بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق چڕتربونەتەوە و بەپێی یاسا دەبێت لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، لەم چوارچێوەیەدا، سەرکردەى یەکەمى چەند لیست و هاوپەیمانێتییەک لە شارى بەغدا کۆبوونەتەوەو بڕیارە پێکهێنانى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى ڕابگەیەنن.

عەبدوڵڵا زێدى لە سەرکردەکانی هاوپەیمانىی حیکمە ڕایگەیاندووە، موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادى و ئەیاد عەلاوى و سەلیم جبورى و ساڵح موتڵەگ و عەمار حەکیم  و شاسوار عەبدولواحید و چەند سەرکردەیەکى دیکە لە بەغدا کۆبوونەتەوە بۆئەوەى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى ڕابگەیەنن.

ئەو لیستانەی کە هەوڵی پێکهێنانی گەورەترین هاوپەیمانێتی دەدەن پێکەوە خاوەنی ١٤٠ کورسى پەرلەمانی عێراقن، بە جۆرێک کە هاوپەیمانیی سائیرون خاوەنی ٥٤ کورسیە و هاوپەیمانی نەسر ٤٢ کورسی و هاوپەیمانیی وەتەنی ٢١ کورسی و ڕەوتی حیکمەش ١٩ کورسی و جوڵانەوەی نەوەی نوێش خاوەنی ٤ کورسی پەرلەمانی عێراقە.

هاوکات لەنێو هێزە کوردییەکاندا تەنیا شاندێکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربووە و بڕیاریانداوە بەشداریى پێکهێنانى حکومەتى داهاتووى عێراق بکەن.

پێشتریش جوڵانەوەى نەوەى نوێ ڕایگەیاندبوو کە بەشداریى پرۆسەى سیاسى دەکەن لە عێراق و هاوپەیمانى لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان دەکەن جگە لە یەکێتى و پارتى.

هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی نەوەی نوێ لەگەڵ ئەو هێزانەی خاوەنی زۆرترین کورسیین لە پەرلەمانی عێراق لەکاتێکدایە بۆ یەکەمجارە هێزێکی کوردی لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی، لە بەغدا لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا هەوڵی پێکهێنانی حکومەت دەدات، چونکە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا تەنیا پارتی و یەکێتی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا کۆدەبوونەوە بۆ پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی عێراقی، کە ئەوەش کاردانەوە و ڕەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا دەهێنا کە تەنیا ئەو دوو لایەنە بە ناوی کوردەوە لە بەغدا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و بڕیاربەدەستن.

هاوکات تائێستاش لە نێو لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی، تەنها نەوەی نوێیە چووەتە بەغدا و چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەدر و عەبادی ئەنجام داوە.

لایەنە کوردییەکانی وەک گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و هاوپەیمانیش ، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان دیارنییە کە بە چ ئاراستەیەکدا دەڕۆن و هاوپەیمانی لەگەڵ کام بەرەدا پێکدێنن، لەسەر ئەم پرسەش ئامادەنەبوونە لێدوان بدەن.

پارتى و یەکێتى تائێستا لە دەرەوەى هاوکێشەى پێکهێنانى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانن بۆ پێکهێنانى حکومەت و هیچ هەڵوێستێکیان لەسەر ئەم پرسە نەبووە و وادیارە دواى کۆبوونەوەیان هەڵوێستى خۆیان دەخەنەڕوو.

هەوڵەکانى پێکهێنانى حکومەتى داهاتووى عێراق لەکاتێکدایە کە زیاتر لە سێ مانگە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق ئەنجام دراوە .

سەرپەیڤ