ئه‌یلوول 24, 2020 14:15 Asia/Tehran
  • لێدوانی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ حەفتاوپێنجەمین کۆبوونەوەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان

بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە حەفتاوپێنجەمین کۆبوونەوەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دا: ئێستا مرۆڤایەتی لەدووڕییانێکی مێژوویدا وەستاوە؛ لە لایەک دەبێت مه‌ودایه‌ک له‌گه‌ڵ یەکتری وه‌ربگرین، لەولاشەوە دەبێت کۆببینەوە.. لە لایەک گاریگەری پەتاکە کەنارگیری کردووین، لەولاشەوە وویستی کارکردن و ژیان وامان لێ دەکات بەردەوام بین.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە،بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە حەفتاوپێنجەمین کۆبوونەوەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دا وتارێکی پێشکەش کردو تیای دا ڕایگەیاند:ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە دوورەوە (بە ڤیدیۆ کۆنفڕانس) بەیەکەوە کۆدەبینەوە ئەم کۆبوونەوە دوورەدەستەمان، بەرجەستەیەکی راستەقینەی ئەو گۆڕانکاریە ڕیشەییانەیە کە لە شێوازی ژیان و پەیوەندیه‌کانی نێوان مرۆڤ هاتووەتەکایەوە.ئێستا مرۆڤایەتی لەدووڕییانێکی مێژوویدا وەستاوە؛ لە لایەک دەبێت  مه‌ودایه‌ک  له‌گه‌ڵ یەکتری وه‌ربگرین، لەولاشەوە دەبێت کۆببینەوە. لە لایەک گاریگەری پەتاکە کەنارگیری کردووین، لەولاشەوە وویستی کارکردن و ژیان وامان لێ دەکات بەردەوام بین.

سەرۆک کۆماری عێراق لە وتارەکەی دا ڕوو لە سەرۆکی ڕێکخراوەکەو بەشدارانی دیکەی دانیشتنەکە ڕایگەیاند: ئێستا و بەر لەسەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، عێراق گیرۆدەی مەترسییەکی کوشندەتر بووە، ئەویش پەتای گەندەڵییە کە مەترسییەکانی بۆ سەر جیهان لە مەترسی کۆرۆنا کەمتر نییە.له‌سایه‌ی بە هێزی وویستی گەلەکەمان و قوربانییدانی هێزە چەکدارەکان لە سوپا و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هاوسێکانمان، لە ڕووی سەربازییەوە بەسەر تیرۆردا سەرکەوتین و توانیمان شارەکان ئازاد بکەین و لەبندەستی تیرۆرستانیان دەربێنین. بەڵام جەنگەکەمان دژ بە تیرۆر و توندڕەوی بەردەوامەوناکرێ و نابێت مەترسی تیرۆر و دووبارە گەڕانەوە و خۆڕێکخستنەوەی ئەندامەکانی نادیدە بگرین.

بەرھەم ساڵح لە درێژەی وتارەکەی دا ئاوڕێکی لە پرسی گەندەڵیش دایەوەو وتی:گەندەڵی دەرد و ئافاتێکە و زۆرێک لە وڵاتان بەدەستییەوە دەناڵێنن، ئەو دەردە کوشندە نەیهێشتووە گەلی عێراقیش لە خێروبێری وڵاتەکەیان سودمه‌ند بن ، لەم گۆشەنیگایەوە، ساڵی پار لە مینبەری کۆگەی گشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لەسەر هەمان شێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیم کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە بەتاڵان براوەکان.ئەمڕۆش هەمان داواکاری دووبارە دەکەمەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق وێڕای ئاماژە کردن بە ھەوڵی حکومەت بۆ ئەنجام دانی چاکسازی لە عێراق دا وتی:بەیاننامەکەی ئەم دواییەی بەڕێز ئایه‌توڵا سەیید عەلی سیستانی دوای پێشوازی کردنی لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، بە روون و راشکاوی ئەو ئەرکانەی دەستنیشان کردوون کە پێوستە لە پێناو ئەنجامدانی چاکسازی لە پڕۆسەی سیاسی ئێستادا ئەنجامی بدەین، دەبێت ئەو چاکسازیەش تەواو بەدوور بێت لە هەموو گەندەڵی و کرچوکاڵییەک.

بەرھەم ساڵح وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە نامانەوێت وڵاتەکەمان ببێتە گۆرەپانی ململانێی نێوان لایەنە ناکۆکەکان و یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان، وتیشی:دەمێکە عێراق گیرۆدەی جەنگ و گەمارۆ و کاولکاری و تیرۆرە، دەمێکە سەرورەی خاکەکەی پێشێل دەکرێت، ئێمە بۆ سەرخستنی پڕۆژە نیشتمانییەکەمان، چاومان لە پشتیوانی و پاڵپشتییەکی کارا و کاریگەری هاوسێکانمان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، لەو چوارچێوەیەا، عێراق جەخت لەو هەڵوێستەی خۆی دەکاتەوە کە پێویستە پرسی فەڵەستینبش چارەسەر بکرێت و مافە رەواکانی گەلی فەڵەستینیش بە دامەزرانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی دابین بکرێت.

سەرۆک کۆماری عێراق کێشەی کۆمەڵکوژ کرانی ئێزدییەکانیشی لە بیر نەچووەوەو داوای لە کۆمەڵگای جیھانیی کرد  کە پشتیوانیبان لێ بکەن و برینەکانیان بە تایبەت لە ڕووی دەروونی و ناخەکییەوە سارێژ بکەن.

سەرپەیڤ