شوبات 19, 2018 18:12 Asia/Tehran
  • لە ماتەمی خاتووی هەر دووعالەم حەزرەتی فاتیمەی زەهرا (س)

سبەینێ سێ شەممە 3ی جەمادیوسانی 1439ی ک . مانگی، رێککەوتە لەگەڵ ساڵەهاتی شەهید بوونی خاتووی هەر دووعالەم، حەزرەتی فاتیمەی زەهرا (س). شەهادەتی دڵتەزێن و گیان هەژێنی سەرچاوەی کەوسەری ڤیلایەت، هەتاوی پرشنگداری ئاسمانی پاکی و خاتووی خاوەن فەزیلەت و پاکی، بە هەموو ڕێڕەوانی حەق و راستی سەرەخۆشی دەڵێین.

پێغەمبەر (د.خ) فەرمووی:  کچم پاش من، تۆ یەکەم کەس دەبی کە دێیتە لام 

چەند مانگێک زیاتر لە کۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) تێنەپەڕیبوو، خەمی دووری لە باوک، ئارام و ئۆقرەی لە فاتیمە بڕیبوو و ڕووداوەکانی پاش کۆچی دوایی پێغەمبەریش ڕۆحی ناسکی ئازار دەدا. ڕۆژانی نەبوونی پێغەمبەر (د.خ) بە تازیەباری فاتیمەوە تێپەڕی و ئەو ئێستا ئیتر نەخۆش کەوتبوو و دوا ساتەکانی ژیانی تێدەپەڕاند. تەنیا شتێک دەبووە هۆی سوکنایی فاتیمە و ئەوەش وادە و بەڵێنی پێغەمبەر (د.خ) بوو کە لە کاتی کۆچی دواییدا فەرمووبووی: "کچم پاش من، تۆ یەکەم کەس دەبی کە دێیتە لام"

شەو سێبەری خۆی بەسەر شاری مەدینەدا پان کردبووەوە، دڵی ئاسمان گیرابوو و دەتگوت تۆزی ماتەم و پەژارە هەموو لایێکی گرتووەتەوە. عەلی (ع) ئۆقرەی لێ بڕابوو و منداڵەکانیش بێقەرار بوون. عەلی (د.خ) تەرمی پیرۆزی فاتیمەی 18 ساڵانی بەرەو دوا مەنزڵگەی دونیا دەبرد، فاتیمە کە پەژارە و ناخۆشی زۆری لە جەفا و زوڵمی ڕۆژگار چێشتبوو و لە دووری باوکی غەریبانە ژیابوو، ئێستا بە پەراسوویێکی شکاوەوە، ماڵەکەی بە هیوای ئامێزی بەهەشتیی باوکی بە جێ دەهێشت. عەلی (د.خ) جگەرگۆشەکەی پێغەمبەر (د.خ)، کەوسەری خاتەمی ئەنبیا، دایکی ئیمامانی مەعسووم (ع)، ئاوێنەی پاکییەکان و و هاوسەرەکەی خۆی لە حاڵێکدا خەمی هەموو دونیا بەسەریدا ڕژابوو لە ناخی شەو و بە نەهێنی ئەسپەردەی خاک دەکرد.

حەزرەتی فاتیمە (س) کچی پێغەمبەری خۆشەویست (د.خ) و حەزرەتی خەدیجە (س) بوو کە باوکی ئەوی وەکوو فریشتەیێک لە جەستەی مرۆڤدا دەزانی و دەیفەرموو: "ئەی فاتیمە (س) خودا تۆی هەڵبژارد و پاک و بێ خەوشی کردی و تۆی سەرتر لە ژنانی دیکەی جیهان کرد و لە ئەنجامدا هەڵیبژاردی." بەڵێ ... فاتیمە کچی ڕەسووڵی خودا بوو کە باوکی سەبارەت بە ئەو فەرمووی: "ئەوەی وا فاتیمەی خۆش دەوێ، لە بەهەشتدا هاونشینی منە و ئەو کەسەی دوژمنایەتیی بکات، جێگای لە ئاوردایە...".

جوانترین ڕۆڵ و دەوری حەزرەتی فاتیمە لە نێو بنەماڵەدا دیارە. ئەو وەکوو مرۆڤێکی لێپرسراو و بەرپرس، ڕۆڵی جیاوازی لە بنەماڵەدا دەگێڕا. حەزرەتی فاتیمە (س) بنەماڵەیێک هەڵدەسووڕێنێ کە وەکوو نقێمێکی درەوشاوە لە هەموو مێژوودا دەدرەوشێتەوە و پیشەنگ و سەرتۆپی چاکییەکانە.

ئیمام سادق (ع) فەرمووی: فاتیمەی دایکمیان بە زەهرا بانگ دەکرد، چوونکە کاتێ لە میحرابی نوێژ کردندا ڕادەوەستا، بۆ هەموو بڕواداران دەدرەوشایەوە، هەروەک چۆن تیشکی ئەستێرەکان بۆ زەوینییەکان دەدرەوشێتەوە."

جارێکی دیکە ساڵەهاتی شەهید بوونی حەزرەتی زەهرا (س) بە هەمووان سەرەخۆشی دەڵێین.

 

سەرپەیڤ