تشرینی یه‌که‌م 31, 2018 16:14 Asia/Tehran
  • دەست پێ بوونی مانگرتنی سەرتاسەریی جەماوەری جۆلانی داگیرکراو بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین لەمەڕ بەجولەکە کردن

تاقمە جەماوەرییەکانی جۆلانی داگیرکراو لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە مانگرتنی سەرتاسەریی خۆیانیان بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین لەمەڕ بەجولەکە کردن دەست پێ کردو لە سەر شوناسی سووری و عەرەبیی ئەم ناوچەیە جەختیان کرد.

ڕژێمی زایونی ڕۆژی ڕابردوو بە نیازی بەرپا کردنی ھەڵبژاردنی «شارەوانی و ئەنجومەنە خۆجێییەکان»ی لە جۆلانی داگیرکراودا ھەبوو کە خەڵکی ئەم ناوچانە ھەڵبژاردنەکەیان بایکۆت کردو بە بەرپا کردنی خۆپیشاندانێکی بەربڵاو ڕایانگەیاند، جۆلان بەردەوام بەشێک لە سووریا بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی تەلەفزیۆنی مەیادینی لوبنان، خەڵکی شارەدێی «مەجدەل شەمس» لە جۆلانی داگیر کراو و شێخەکانی بە بەرپا کردنی مانگرتن و خۆپیشاندان لە سەر نەیارەتیی توندی خۆیان بەرامبەر بەم ھەڵبژاردنە جەختیان کردو ئەم ناوچەیەیان بە ھی دەوڵەتی سووریا زانی.

میدیا ھەواڵدەرییەکان ڕۆژی ڕابردوو باسی بریندار بوونی کۆمەڵێک لە خۆپیشاندەرانیان کرد لە ئەنجامی تەقەی لەشکریانی زایونی و ھاوێژرانی گازی فرمێسکھێن لە «مەجدەل شەمس» و وەک باسیشی دەکرێت لەشکریانی زایونی کۆمەڵێک لە خۆپیشاندەرانیشیان ڕاپێچ کردووە.

ھەر لەم حاڵەدا، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سووریا بە ناردنی نامەگەلێکی جیاجیا بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشت، بەرامبەر بە بەرپا کرانی ھەڵبژاردن لە جۆلانی داگیر کراو ناڕەزامەندیی دەربڕی.

ڕژێمی زایونی لە ساڵی ١٩٦٧ەوە بەشێکی گەورەی بەرزاییەکانی جۆلانی کە ھی سووریایە داگیر کردووەو لە ساڵی ١٩٨٢ دا ئەم ناوچانەی وەک بەشێک لە خاکی بانگەشەکراوی خۆی ڕاگەیاند کە ئەم کارە قەت لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

جیا لەمە ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ئۆکتۆبەری 2016 بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک شارۆچکەسازییەکانی ڕژێمی زایونی لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستینیشی ئیدانە کرد. بە پێی ئەم بڕیارنامەیە، ڕژێمی زایونی ئەرکمەند دەکرێت بەوەی کە دەستبەجێ و بەتەواوی واز لە چالاکییەکانی لە بواری شارۆچکەسازی لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستین لەوانە قودسی پیرۆز بهێنێ

کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی جیهانیش گەلێک جار داوایان لە ڕژێمی زایونی کردووە کە کۆتایی بە داگیرکردنی زەوییەکانی فەلەستین بهێنێ، کەچی ئەم ڕژێمە بەردەوام بە بێ ئەوەی ئەو داخوازییانەی کۆمەڵگای جیهانی بە هەند بگرێت، لە سەر داگیرکردنی سەرزەوی و داپڵۆساندنی فەلەستینییەکان بەردەوامە.

سەرپەیڤ