تشرینی دووه‌م 10, 2019 13:07 Asia/Tehran
  • سکرتێری گشتیی ئەنساروڵڵا: ھاوپەیمانیی سەعودی_ئیماراتی زیاتر لە ١٢٠ ملوێن بەرمیل نەوتی یەمەنیان بە تاڵان بردووە

سکرتێری گشتیی ئەنساروڵڵای یەمەن ڕایگەیاند: لە سەرەتای سەرھەڵدانی شەڕی یەمەنەوە ھەتائێستا،زیاتر لە ١٢٠ ملوێن بەرمیل نەوت لەناوچەکانی ژێر ڕکێفی ھاوپەیمانیی سەعودی_ئیماراتی بە تاڵان براوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی فارس ، «سەیید عەبدولمەلیک بەدرەدین حوسی» سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن ڕۆژی شەممە بە بۆنەی ساڵگەڕی لەدایک بوونی پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام حەزرەتی موحەممەدی موستەفا(ص) لە لێدوانێکدا وتی: بەردەوامیی شاڵاوەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی دژی جەماوەری یەمەن، شوێنھاتی نالەباری بۆ دەست درێژکاران دەبێت.

حوسی وتیشی: بەردەوامیی شاڵاوەکانی دوژمن دەبێتە ھۆی پێشکەوتن و گەشەی کەرەستە سەربازییەکانی یەمەن و ئەوانەی وا بە دووی شەڕو بایکۆت و لە ئەنجام دا بە چۆکدا ھێنانی یەمەن دان سەرەنجام ھەر تووشی زیان و زەبری گورچکبڕ دەبن.

سەرکردەی ئەنساروڵڵای یەمەن وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە گەلانی ناوچەکە نابێ بەستێن بۆ جوڵانەوەی دوژمنان وەک ئەوەی وا لە عێراق و لوبنان ڕووی داوە، خۆش کەن، وتیشی: خۆشحاڵی دەربڕینی ئەمریکاو ڕژێمی زایونی لە ڕووداوەکانی عێراق و لوبنان دەربڕی ھەڵوێستە وەیشومەو ڕاشکاوانەکانی ئەوانەیە.

«سەیید عەبدولمەلیک بەدرەدین حوسی» سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ ڕوونکردنەوەی ھەڵوێستی وڵاتەکەی لە ھەمبەر ڕژێمی زایونیش وتی: ئیسرائیل ڕژێمێکی داگیرکەرەو ئەگەر بێتوو تووشی ھەرچەشنە کردارێکی گەمژانە ببێت، گەلی یەمەن ھیچ گومانێکی لە ڕاگەیاندنی جیھاد دژی دوژمنایەتییەکانی ئیسرائیل نامێنێ.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

شەڕهەڵایساندنی عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانی لە یەمەن ھەتا ئێستا کوژرانی پتر لە شانزە هەزار یەمەنی و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و هەڵوەدا بوونی ملوێنان کەس لە خەڵکی یەمەنی لێ کەوتووەتەوە.سەرباری ئەمەش ڕژێمی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی ھەتا ئێستا نەیانتوانیوە لە بەر خۆڕاگریی جەماوەری یەمەن ئامانجەکانیان لەم وڵاتە مسۆگەر کەن کە بە دەستەڵات گەیاندنی دەستنیاکانی خۆیانە.

 

سەرپەیڤ