ئاب 15, 2019 07:16 Asia/Tehran
  • عەراقچی: ئێران بە دووی دەست درێژکاری دا نییە، بەڵام بەوپەڕی ھێزەوە وەڵامی ھەرچەشنە دەست درێژکارییەک دەداتەوە

یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری سەرۆکی لێژنەی سیاسەتی دەرەوەیی و ئاسایشت و بەرەڤانیی مەجلیسی ئەندۆنێزیا لە تاراندا وتی: ئێران بە درێژایی مێژووی ھاوچەرخی خۆی قەت دەستپێکەری ھیچ شەڕێک نەبووەو لەمەو بەدواش نابێت، بەڵام لێبڕاوانە بەرەڤانی لە خۆی دەکات و خێراو گورجکبڕ وەڵامی ھەرچەشنە دەست درێژکارییە دەداتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی ئیرنا، «سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لەم دیدارەدا وێڕای پێشوازی کردن لە پەرە پێ دانی ھەمەلایەنەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەندۆنێزیا، سیاسەتی بەرگریکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی شی کردەوەو ڕایگەیاند: بەھێز کردنی تواناییەکانی بەرگریکارانەی ئێران شێوازی بەرپەرچدەرانەی ھەبووەو دژی ھیچ وڵاتێکی دیکە نییە.

«عەراقچی» لەبواری بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ناڤۆکیی ئێران و بانگەشە بێ ناوەڕۆکەکانی ئەمریکاش وتی: ئێران ھەرچەشنە بەکارھێنانێکی چەکی کۆمەڵکوژ بە حەرام و ڕەت کراوە دەزانێت، بەڵام لە سای توانایی پسپۆڕەکانی، تەکنلۆژیای ناڤۆکیی بە شێوەی خۆماڵی لە قەواخی بەرنامەیەکی ئلاشتی خوازانەدا پەرە پێ داوە.

«سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران  تیشکی خستە سەر بایکۆتەکانی ستەمکارانەی ئەمریکا دژی گەلی ئێرانیش و پێی داگرت: ئەم بایکۆتانە نایاسایین و شێوازی دژی مرۆڤانەیان ھەیە، بەڵام ئێران مکوڕە لە سەر ئەوەی کە بیکات بە دەرفەتێک بۆ ئاڵوگۆڕی ئابووریی نیشتیمانی.

«عەبدولخەریس مەشھەری» سەرۆکی لێژنەی سیاسەتی دەرەوەیی و ئاسایشت و بەرەڤانیی مەجلیسی ئەندۆنێزیاش لەم دیدارەدا وێڕای ڕێزگرتن لە بڕوابەخۆبوون و سەربەخۆیی ئێرانییەکان، لە سەر قوڵ کردنەوەی ھاوکاریی پەرلەمانیی نێوان دوو وڵات پێی داگرت و ئامادە بوونی ئەندۆنێزیا بۆ ھاوکاریی لەگەڵ ئێرانی لە ھەموو بوارەکاندا لەوانە خەباتی دژی توندئاژۆیی و تیرۆریزم ڕاگەیاند.