May 31, 2020 00:52 Asia/Tehran
  • فەرمانی سەرۆک کۆمار بۆ دامرکاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی کۆگیلوویە و بۆیر ئەحمەد

سەرۆک کۆمار لە وتووێژێکی تەلەفۆنی لە گەڵ وەزیرانی بەرگریی و سەرۆکی رێکخراوی ژینگەپارێزیی جەختی کردەوە لەسەر دەکارھێنانی ھەموو توانا و ئامێرەکان بۆ دامرکاندنی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کۆگیلوویە و بۆیر ئەحمەد و پلاندانان بە مەبەستی رێگرتن لە دوپاتبوونەوەی رووداوی ھاوشێوە .

حەسەن روحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران  لەو وتووێژەدا ھەروەھا گوتی : بەلەبەر چاوگرتنی گەرمداھاتنی ھەوا و ئەگەری ئاگر کەوتنەوەی ھاوشێوە دەبێ پێشبینی و پلانی پێویست لەبەرچاوبگیردرێ تا لە داھاتوودا ئەم جۆرە رووداوانە دوپات نەبنەوە . 

ئاوری بێ ئامان یەک دوو رۆژە بەربووەتە 300 ھیکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی گەچساران لە پارێزگەی کۆگیلوویە و بۆیرئەحمەد و دوێنێ شەممە 200 ھیکتار لە دارستانەکانی خاییز لەو پارێزگەیەی کردە سووتماک و ئاگرەکە ھەروا درێژەی ھەیە . 

ھەوڵی ھێزەکانی ئاگرکوژێن بۆ دامرکاندنی ئەو ئاگرە بە چڕی بەردەوامە . دارستان و چیاکانی کۆگیلوویە و بۆیر ئەحمەد لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسن .