May 14, 2022 09:33 Asia/Tehran
  • کۆبوونەوەی فەرماندەرانی سەربازیی ئێران و تاڵیبان بۆ پاراستنی سنوورە هاوبەشەکان

بەرپرسانی هێزە سنوورییەکانی ئێران و تاڵیبان کۆبوونەوەیەکیان بۆ پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان ئەنجام دا.

کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی هێزە سنوورییەکانی ئێران و نوێنەرانی تاڵیبان بەئامادەبوونی ژەنەراڵ قاسم ڕەزایی جێگری فەرماندەی سنوورپارێزیی هێزەکانی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران و مەولەوی شەبیر ئەحمەد سەرۆک ئەرکانی سوپای تاڵیبان لە تایبادی سەر بە پارێزگای خۆراسانی رەزەوی ئێران بەڕێوەچوو.

ژەنەراڵ ڕەزایی لە میانەی کۆبوونەوەکەدا وتی: هەردوو وڵاتی ئێران و ئەفغانستان دۆست و بران و پەیوەندی سیاسی و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی باشیان هەیە.

گوتیشی : ئێمە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە رۆحی پێکەوە کارکردن و هاوکاری لە ڕووداو و پێشهاتە جۆراوجۆرەکان دا پێکەوە بووین و لە هەر شوێنێک دوژمنان ویستیان ئەم پەیوەندیانە لاواز بکەن بە هۆی باوەڕ و هەستی باشی برایەتیی هەر دوو میللەت، شکستیان هێناوە.

مەولەوی ئەحمەد سەرۆک ئەرکانی سوپای تاڵیبانیش سوپاسی ئەو میواندارییەی ئێرانیانی کرد و گوتی: ئێمە هاوکارییەکانی وڵاتی ئێران لە کاتی داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە لە خەڵکە ستەملێکراوەکەی لە بیر ناکەین. داعش دوژمنی هاوبەشی هەردوو میللەتە و بە هۆی ئەوەی ئیستکبار نەیتوانی لەم ڕێگایەوە شکست بە هەر دوو وڵات بێنێت، هەوڵ دەدات کێشە و دووبەرەکی دروست بکات کە ئێمە ڕێگە نادەین لەم بارەیەوە بگاتە ئەنجام و با بزانێت کە یەکڕیزیی ئەو دوو گەلە بەهێزە.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی ئێران و تاڵیبان بە هاوبەشی نوێژی بە کۆمەڵیان بە نیشانەی یەکڕیزی و هاوسۆزی ئەنجامدا.

 

سەرپەیڤ