ڕۆحانی: تاکەڕێگای ھەرماو بۆ نزیکایەتیی نێوان گەلان گەڕانەوە بۆ زانست و کلتوورو ڕۆشنبیرییە
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی گەڕانەوە بۆ زانست و کلتوورو ڕۆشنبیریی بە تاکەڕێگای ھەرماو بۆ نزیک بوونەوەی گەلان لە یەکتر زانی.
بە پێی ڕاپۆرتی پەیامنێری ئیرنا، «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی سێ شەممە لە پەیامێکدا بۆ سێھەمین کۆنگرەی نێونەتەوەیی «جوندی شاپوور» وتیشی: پەیوەندییە زانستی و ڕۆشنبیرییەکان لە ڕیزی ھەرماوترین و پاوەجێ ترین پەیوەندییەکانی نێوان گەلان دێتە ئەژمار، چونکو دەستھاتی ھاوبەشی چەندین سەدە ژیان و ھاوژینیی گەشەداری نێوان شارستانیەتەکانە.
لە پەیامەکەی «ڕۆحانی»دا وێڕای ئاماژە کران بەمەی کە ھەرچی بازنەی پەیوەندییە زانستی و ڕۆشنبیرییەکان بەربڵاوتر بێت، قوڵایی دۆستایەتی و ھاودڵیی نێوان گەلانیش زیاتر پەرە دەستێنێ، ھاتووە: وڵاتی ئێران ھەر لە چاخی کەوناراوە ھەتا ئەمڕۆ، بەردەوام بانگەوازکەری زانستی بەربڵاوو دۆستایەتیی گەرم و گوڕ بووە.
لە درێژەی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ئێرانییەکان لە سەردەمی کەونارا و لەوپەڕی توندئاژۆیی و دەمارگرژی و توندوتیژی دا بناغەی شاری زانکۆیی «جوندی شاپوور»یان ڕۆناوە، ھاتووە: ئەمڕۆکەش ئێرانییەکان بە گوێرەی ھەمان فێرکاریی باب و باپیرانی بیرتیژی خۆیان، دوو ڕۆژی گرینگیان لە ڕۆژمێری فەرمیی ئێراندا بە ناوی پەیوەندو وتووێژ لەگەڵ جیھان و ڕۆژی جیھانیی بەبێ توندوتیژی و توندئاژۆیییان داناوە کە لە کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکاندا پەسەند کراوە.
زانکۆی «جوندی شاپوور» لە پارێزگای خوزستان، باشووری ڕۆژئاوای ئێران بە پتر لە ١٧ سەدە مێژینە، لە کەونارایی ترین زانکۆکانی ڕۆژئاوای ئاسیا دێتە ئەژمار.