پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک کۆماری ئێران دوابەدوای سەرکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
«سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە بۆنەی سەرکەوتنی دووبارەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، ئەمەی بە نیشانەی بەردەوامیی متمانەی بەنرخی گەلی تورکیا بە ناوبراو زانی.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «سەید ئیبراهیم ڕەئیسی» لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆز کردنی سەرکەوتنەکەی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا ، دڵنیایی دەربڕی کە لە قۆناغی داهاتوودا، پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای ھێزمەندی پەیوەندیی مێژوویی ، کولتووری ، ئایینی ،دابی دراوسێیەتی باش و ڕێزگرتن لە یەکترو بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردووک نەتەوەکە بەهێزتر دەبێت و دەبێتە ھۆی هاوکاریی نزیکی نێوان هەردوو وڵات لە بەرامبەر پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهانی ئیسلامداو هەلومەرجێکی گونجاوتر بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە دەڕەخسێنێت.
ڕۆژی یەکشەممە گەلی تورکیا بەشداریی هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایان کرد و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکان توانی سەرکەوتن مسۆگەر کات.