پێداگریی ئێران لە سەر پێویستیی کۆتایی هاتنی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لە ڕژێمی زایۆنی
وتەبێژی وەزارەتی درەوەی ئێران وتی: راگیردرانی تۆکمە و بە کردەوەی پشتیوانیی ئەمریکا و ئەورووپا لە ڕژێمی نژادپەرستی زایۆنی لە پەلاماردانی غەززەدا، دەتوانێ کۆتایی بێنی بە تراژیدیای دڵتەزێن و تووند و تیژیی بێباکانە و دڕندانەی دژ بە مرۆڤی بێ تاوان لە فەلەستیندا.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ بە ئاماژە بە قسەکانی جۆزێپ بۆرێل ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە ڕەوشی کارەساتباری کەرتی غەززە پێیداگرت: جەنایەتەکانی ڕژێمی ئاپارتاید دژ بە شاروومەندان و منداڵان و ژنانی فەلەستینی بۆ هەموو خەڵکی جیهان ئاشکرا بووە و هەڵبەت گەلێک دڵتەزێن و تۆقێنەرن. کەنعانی راشکاوانە رایگەیاند: تەنیا هەر بە قسە کردن نا، بەڵکوو تەنیا راگیردرانی تۆکمە و تەواو و بە کردەوەی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لە ڕژێمی نژادپەرستی زایۆنییە کە کۆتایی دێنێ بەم تراژیدیا دڵتەزێن و دڕندانەیەی دژ بە مرۆڤی فەلەستینی وەڕێخراوە.جۆزێپ بۆرێل ڕایگەیاندبوو؛ راپۆرتەکان لە غەززەوە باس لەوە دەکەن کە ئێش و ئازار و تووند و تیژی تەنیا راستییەکە کە سەدان هەزار کەسی مەدەنیی بێ تاوان لەوێدا هەموو ڕۆژێ بەرەوڕووی دەبنەوە.
ناوبراو جەختیشی کردووە: ئەم ڕاپۆرتە تۆقێنەرانە دەبێ بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە و بە پێی دوایین بڕیاری دیوانی نێودەوڵەتیی داد بخرێنە بەر لێکۆڵینەوە.
لە پەلامارەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ـوە تا ئێستا ٣٦ هەزار و ٦٥٤ کەس شەهید بوونە.