ئێران:پەرەسەندنی جەنایەتی زایۆنییەکان، هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەو جیهان دەکا
سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: پەرەسەندنی تاوانکارییەکانی رژیمی زایۆنیستی دژ بە گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە، جێی مەترسییە بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەو جیهان.
"عەلی باقری کەنی" سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەدیدار لەگەڵ جێگری وەزیر و پەیوەندییە دەرەوەییەکانی وەزارەتی دەرەوەی کوبا لە تاران بەئاماژە بە بارودۆخی غەززەو درێژەی جەنایەتەکانی رژیمی زایۆنیستی دژی خەڵکی فەلەستین، ئەو بابەتەی بە گرینگترین پرسی مرۆیی لە جیهاندا زانی و وتی: درێژەو تەشەنای ئەو تاوانکارییانە، نمونەی ئاشکرای تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەو ئەرکی سەرشانی ئێمەیە هەوڵەکان چڕبکەینەوە بۆ پێشگرتن بەو تاوانکارییانە.
سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو دیدارەدا وێڕای پێشوازی لە ئامادەبوونی شاندی باڵای کوبا لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی "مەسعود پزشکیان" سەرۆک کۆماری تازەی ئێران، جەختی کرد لەسەر پتانسێل و بارستای بەرفراوانی هاوکاریی دوو قۆڵیی و چەندقۆڵیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و کوبا و بەتایبەت پەرەی پەیوەندییە ئابورییەکان هاوتەریب لەگەڵ پەیوەندییە سیاسییەکاندا.
"ئۆلیڤر رۆدریگز پێردوما"ش لەو دیدارەدا، باسی ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی کوبای کرد لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری تازەی ئێران و ئەوەی، بەنیشانەی هۆگریی و هەوڵی کوبا زانی لەپێناو پەرەی پەیوەندییەکانی نێوان هاواناو تاران و ئامادەیی تۆکمەی کوباشی راگەیاند بۆ هاریکاری لەگەڵ دەوڵەت و بەرپرسانی تازەی ئێران لەئاراستەی بەهێزکرانی هەمەلایەنەی پەیوەندییە دوو قۆڵیی و چەند قۆڵییەکان.