پێداگریی مێرکێل لە سەر ئەورووپای بە بێ ئەمریکا
سەدری ئەعزەمی ئەڵمان جەختی کرد کە بە سەرنج دانی درووشم و هەڵوێستەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ئەورووپاییەکان دەبێ ئامادە ببن بۆ بەرگریی ڕاستەوخۆ لە قازانج و بەرژەوەندییەکانیان.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاسۆشێتێدپرێس؛ "ئانگێلا مێرکێل" سەدری ئەعزەمی ئەڵمان ڕۆژی شەممە وتی ئەو راستییە کە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا جەخت دەکات ئەولەویەتی سەرەکیی ئەو ئەمریکایە و درووشمی "یەکەم ئەمریکا"ی هێناوەتە ئاراوە، پیشاندەری ئەوەیە کە ئەورووپایش دەبێ بۆ بەرگری لە قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی بە شێوەی سەربەخۆ ئامادە بێ.
مێرکێل وتیشی: ئەوە بە مانای دژایەتی کردنی ئەمریکا نییە، بەڵکوو بە مانای ئەوەیە کە ئەورووپا بتوانێ لە بواری ژیۆپۆلیتیک و جیهانییەوە بە شێوازێکی سەربەخۆیانە بجوڵێنەوە.
سەدری ئەعزەمی ئەڵمان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا راشکاوانە ڕایگەیاند: ئەولەوییەتی ئەورووپا هێزی سەربازی نییە، بەڵکوو هێزی سەربازی دوایین بژاردەیە، دەبێ بەردەوام هەوڵ بدرێ بۆ دیتنەوەی ڕێکاری سیاسی.
میرکێل وتی: ئەگەر ئەورووپا خوازیاری دەورگێڕانێکی بەرچاو لە جیهاندایە، دەبێ بە شێوەی گشتی و بەکۆمەڵ بجوڵێتەوە و سەبارەت بە چین، ڕووسیا و ئەفریقا هەڵوێستێکی ڕوون و دیاریکراو بگرێتە بەر.
"برۆنۆ لومر" Bruno Le Maire وەزیری دارایی فەرەنسایش ڕۆژی هەینی بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا نابێ سەبارەت بە هاوکاریی بازرگانیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران بڕیار بدات، وتیشی: بایکۆتەکانی واشینگتۆن دژ بە تاران هەلێکی رەخساندووە بۆ ئەورووپاییەکان بۆ وەڕێخستنی ناوەندی دراویی سەربەخۆ.
"ژان کلۆد یونکەر" Jean-Claude Juncker، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپایش ئەمدواییە جەختی کرد؛ کاتی ئەوە گەیشتووە کە ئەرووپا چارەنووسی خۆی بگرێتە دەست و ببێتە دەورگێڕێکی گرینگ لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.
بڕیارە یەکلایەنەکانی "دۆناڵد ترەمپ" و راوێژ نەکردنی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپاییەکانی واشینتۆن بۆتە هۆی ئەوەی کاربەدەستانی ئەورووپا هەوڵ بدەن بۆ بەدەسهێنانی سەربەخۆییەکی زیاتر و بەهێزتر کردنی یەکێتیی ئەورووپا.