ئاب 28, 2023 12:58 Asia/Tehran
  • دانیمارک سوتاندنی قورئانی پیرۆز قەدەغە دەکات

حکومەتی دانیمارک رایگەیاند، پێشنیازی پرۆژە یاسایەک دەکات بۆ قەدەغەکردنی سوکایەتیکردن و سوتاندنی قورئان و هەر کتێبێکی دیکەی پیرۆز لە دانیمارک.

بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێیتێد پرێس، حکومەتی دانیمارک پڕۆژە یاسایەکی خستەڕو کە سوتاندنی قورئان و دەقە ئاینییەکانی دیکە قەدەغە دەکات، لەوبارەیەوە پیتەر هامێڵگارد، وەزیری دادی دانیمارک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پڕۆژە یاساکە مامەڵەکردنی نەشیاو و نەگونجاو لەگەڵ ئەو شتانەی کە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئایینی پیرۆزن و گرنگی ئایینییان هەیە، قەدەغە دەکات".

وەزیری دادی دانیمارک جەختیشی کردەوە، "مەسەلەکە بە تایبەتی باس لە سوتاندن یان لە ژێرپێخستنی کتێب و دەقە پیرۆزەکان دەکات لە شوێنە گشتییەکاندا و بەپێی پرۆژە یاسا نوێیەکە، بکەرانی ئەو جۆرە کارانە روبەڕوی سزای دارایی یاخود سزای دو ساڵ زیندانیکردن، دەبنەوە".

وەزارەتی داد باسی لەوەکردوە، پڕۆژە یاساکە لە 1ی مانگی (ئەیلول/9)ی ئەمساڵدا دەخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران و ئەگەر پێویست بکات پێش کۆتایی ساڵ و پێش کریسمس، پێداچونەوەی بۆ دەکرێت.

لە ساڵی 2006دا دوای ئەوەی رۆژنامەیەکی ئەو وڵاتە 12 کاریکاتێری گاڵتەجاڕی لەسەر پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بڵاوکردەوە، روبەڕوی توڕەیی مسوڵمانانی جیهان بوەوە.

سوتاندنی قورئان کاردانەوەی گەورەی مسوڵمانانی لە سەرتاسەری جیهانی لێکەوتەوە

هەروەک لە چەند مانگی رابردودا و لە هەردو وڵاتی دانیمارک و سوید، چەندین کۆپی قورئان سوتێندران و لە ژێرپێخران، ئەوەش کاردانەوەی گەورەی مسوڵمانانی لە سەرتاسەری جیهانی لێکەوتەوە و داوایان لەو دو وڵاتە کرد ئەو جۆرە کارانە قەدەغە بکەن.

لەلایەکی دیکەوە حکومەتی سوید و دانیمارک سوتاندنی قورئانیان شەرمەزار کرد و رایانگەیاند، "بیر لە جێبەجێکردنی یاسای نوێ دەکەنەوە بۆ راگرتنی ئەو کارانە، رەخنەگرانی ناوخۆ دەڵێن هەر بڕیارێک لەسەر ئەم بابەتە دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئازادی رادەربڕین کە لە دەستورەکەیاندا مسۆگەر کراوە".

 

 

 

سەرپەیڤ