ئاب 30, 2022 05:43 Asia/Tehran
  • محەمەد حەلبوسی:ئەوەی ئێستا لە عێراقدا ڕوودەدات ترسێنەرەو ناکرێت لەئاستی دا بێدەنگ بین

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە بشێوییەکانی بەغداو شارەکانی دیکەی عێراق رایگەیاند: ئەوەی ئێستا لە عێراقدا ڕوودەدات ترسێنەرەو ناکرێت لەئاستی دا بێدەنگ بین.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «محەمەد حەلبوسی»، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوابەدوای ڕووداوەکانی ڕۆژی دووشەممەی بەغدا و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، بانگێشتنی دڵسۆزان لەسەرجەم لایەنەکان دەکەین بۆ کوژاندنەوەی ئەم ئاگری دوبەرەکییە و گەییشتن بە لێکتێگەییشتن بەمەبەستی پاراستنی سەروەریی نیشتیمانی و گەڕاندنەوەی ئاسایشت و پاراستنی لەهەر پێکدادانێک کە زیان بە هەموان بگەیەنێت.

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، حەلبوسی باسی لەوەکردووە،ئەم دۆخەی ئێستا زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ مەترسییەکی گەورە، کە ناکرێت لێی بێدەنگ بین و وازی لێ بهێنین، دیارە بە بێ خۆ تێ گەیاندنی کەسانی زیرەک و کاریگەر، بە تایبەت پیاوانی ئایینی و سیاسی و عەشایەری و کۆمەڵایەتی بۆی ھەیە ڕەوشتەکە پتر لەمە تێکچڕژێت، ھەر بۆیە وا ھەڵدەگرێت کە هەوڵ بدرێت بە ئاراستەی ‌هێورکردنەوەی دۆخەکە و کۆنتڕۆڵکردنی، بەپێچەوانەوە هۆشداری دەدەین لە دروستبونی ئاژاوە و رشتنی خوێنی هاوڵاتیانی بێتاوانی عێراق.

جێگای ئاماژەیە دوابەدوای سەرھەڵدانی بشێوییەکان لە بەغداو تەشەنە سەندنی بەرەو شارەکانی دیکەی عێراق، کۆمەڵێک لە وڵاتانی ناوچەکە، لەوانە ئیمارات و ئێران گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ عێراق راگرت و بەحرەینیش داوای لە هاوڵاتیانی لە عێراق کرد نەچنە ئەو شوێنانەی خۆپیشاندانی تێدایە و پابەندی رێنمایی هێزە ئەمنییەکان بن.

سەرپەیڤ