پێداگریی تاران لە سەر پێویستیی جێبەجێکرانی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی ئێران و عێراق
ئێران پێداگریی کردووە لەسەر پێویستیی جێبەجێکرانی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراق لە پێناو پێشگری بە چالاکیی گرووپە چەکدارەکانی دژ بە ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان.
بە پێی ڕاپۆرتی پرێس تی ڤی؛ ئێران لە نامەیەکدا بۆ یاسر حەجاج، باڵوێزی عێراق لە ئێران داوای لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم کوردستان کردووە کە بەرپرسیار بن بەرامبەر بە مەسەلەی بوونی پارتە کوردەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی لە خاکی عێراق؛ بە لەونێک کە ئەم گرووپانە یان ڕادەستی ئێران بکرێن و یان لە عێراقەوە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتێکی دیکە. دەقێکی ئەم نامەیە گەیشتۆتە دەستی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان. بە پێی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراق کە زیاتر لە ٣ ساڵ لەمەوبەر لە پێناو دابین کردنی ئاسایشی سنوورەکانی نێوان دوو وڵات واژۆ کراوە، هیچ گرووپێکی چەکدار بۆی نییە لە خاکی وڵاتێکی دیکەوە هێرش بکاتە سەر وڵاتی دراوسێ. عێراقیش پابەند کراوە بەوەی کە ڕێگا بە گرووپە چەکدارەکان نەدات خاکی ئەم وڵاتە لە هەرێمی کوردستان بەکار بێنن بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە سنوورییەکانی ئێران.