وەزیری دەرەوەی عێراق: وتووێژ و دیالۆگ، باشترین ڕێگاچارەی قەیرانەکانە
وەزیری دەرەوەی عێراق لەدیدار لەگەڵ باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کرد؛ ڕێکاری ئاشتیانە و وتووێژ، باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەریی قەیرانەکان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ لە دیداری "فواد حوسێن" وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ "محەممەد کازم ئالی سادق" باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، دواپێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی دانوستان بۆ ڕاگرتنی گرژییەکان، تاووتوێ کراو هاوکات جەخت کرا لەسەر گرینگیی بەردەوامکرانی هەوڵ و هەنگاوە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بەڕێگاچارەی ئاشتیانە بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەکان و بەهێزکرانی سەقام لە ناوچەدا.
وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها جەختی کرد: ڕێکاری ئاشتیانەو وتووێژ باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەریی قەیرانەکان بەجۆرێک کە پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەو بەرژەوەندیی گەلەکانیانی لێ بکەوێتەوە.
لەو دیدارەدا هەروەها باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامی نووسراوەی سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانی پێشکەشی فواد حوسێن-ی هاوتای عێراقی ناوبراو کرد.