ھەنگ و پەلەی ئیماراتییەکان بۆ سەرمایەنانەوە لە دامەزراوەکانی ژێر دەستەڵاتی ڕژێمی زایونی
هیشتا مۆری سەر رێککەوتننامەکەی نێوان ڕژێمی زایونی و ئیمارات ویشک نەبووەتەوە، کەچی شێخێکی دەوڵەمەندی ئیماراتی لەسەدا پەنجای کۆی پشکەکانی یانەیەکی بەناوبانگی ئەو ڕژێمەی کڕی.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، «شێخ حەمەد بن خەلیفە ئالی نەهیان» کە یەکێکە لە دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووەکانی بنەماڵەی دەسەڵاتداری ئیمارات، نیوەی پشکەکانی یانەی «بیتار پرۆشالاییم»ی کڕیوە.
قەبارەی ئەو گرێبەستە ١٠٠ ملیۆن دۆلارە و «محەمەد بن خەلیفە»ی کوڕی سەرمایەدارەکە بەمزووانە بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەکەی دەچێتە سەرزەوییەداگیرکراوەکانی فەلەستین ھەتا لە نزیکەوە یانەکە بەسەر کاتەوە.
«ئورن خاسۆن» سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ڕژێمی زایونی وێڕای پیرۆزبایی لەو رێککەوتنە گوتویەتی: دیسان ئەوە سەلمێنرا کە تۆپی پێ دەتوانێ ببێتە پردێکی پێوەندی لە نێوان نەتەوەکانی دنیادا.
وەک باسی دەکرێت بازرگانێکی جوولەکە کە رەگەزنامەی ئیماراتیشی هەیە، سەرپەرشتی ئەو گرێبەستەی کردووە و رۆڵی هەبووە لەوەی کە دەوڵەمەندە ئیماراتییەکە پشکەکانی یانەکە بکڕێت.