داخوازیی جەماوەری ئاڵمانیا بۆ ڕاگرتنی خێرای فرۆشتنی چەک بە ھاوپەیمانیی سەعودی دژی یەمەن
٥٦ ڕێکخراوەی جەماوەریی لە ئاڵمانیا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوایان لە دەوڵەتی فیدراڵی ئەم وڵاتە کرد کە ھەرچی خێراتر فرۆشتنی چەک بە تەواوی وڵاتانی ئەندامی ھاوپەیمانیی سەعودیی دژی یەمەن ڕابگرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئەلجەزیرە، ڕێکخراوەو دامەزراوە جەماوەرییەکانی ئاڵمانیا ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیاننامەیەک دا جەختیان کرد: ھاوپەیمانیی سەعودی لە شەڕی یەمەن بە قەڵاچۆکردنی جەماوەری ئەو وڵاتە تەواوی بنەماکانی مرۆڤ دۆستییان پێشێل کردووەو بەم پێیە فرۆشتنی چەک و چۆڵ بە ئەندامانی ئەو ھاوپەیمانییە پێشێلکردنی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان دێتە ئەژمار.
لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە: ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە لە کەندوی فارس ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەم ناوچەیە پێویستی بە چەکی زیاتر نییە.
دەوڵەتی ئاڵمانیا دوێنێ چوارشەممە گەڵاڵەی قەدەغەی فرۆشتنی چەک و چۆڵی سەربازی بە عەرەبستانی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژ کردەوە.
دەوڵەتی ئاڵمانیا ھەروەھا ڕایگەیاند: ھیچ داخوازییەک لەمەڕ ناردنی چەک و چۆڵ بۆ عەرەبستان ھەتا ٣١ی مارسی ٢٠٢٠ پەسەند ناکرێت.
عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە . دەست درێژکاریی سەربازیی عەرەبستان ھەروەھا وڵاتی دەستکورتی یەمەنیشی لەگەڵ کەم بوونی خۆراک و دەرماندا بەرەوڕوو کردووەتەوە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.
شەڕهەڵایساندنی عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانی لە یەمەن ھەتا ئێستا کوژرانی پتر لە شانزە هەزار یەمەنی و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و هەڵوەدا بوونی ملوێنان کەس لە خەڵکی یەمەنی لێ کەوتووەتەوە.
ئەمریکا ھەر لە سەرەتای ھێرشی ھاوپەیمانیی سەعودی بۆ سەر وڵاتی بێ دەرەتانی یەمەن بە پێشکەش کردنی یارمەتیی لۆجیستیکی، ھەواڵگری و پشتیوانیی جەنگاوەرانە و فرۆشتنی چەک و چۆڵ بە عەرەبستانی سەعودی و ئیمارات پشتگریی لە ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری دژی یەمەن کردووەو لە بڵێسەسەندنی ئاگری شەڕ لەم وڵاتە دەستکورتە عەرەبییەدا ڕۆڵێکی کارای گێڕاوە.