داخوازیی «ئەلسیراج» بۆ ڕاگیردرانی دەستوەردانی بیانییەکان لە لیبی
سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی دەوڵەتی ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی لیبی، داوای ڕاگیردرانی دەستوەردانی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و میسرو فەرانسای کرد لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکەی.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کەناڵی تەلەفزیۆنیی «ئەلجەزیرە»،«فائیز ئەلسیراج» سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی دەوڵەتی ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی لیبی لە لێدوانەکەی لە حەفتاوچوارەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، دەستوەردانی وڵاتانی بیانی لە لیبی ئیدانەکردو ژنراڵ « خەلیفە حەفتەر»ی وەک «تاوانکارێکی تامەزرۆی خوێن» ناساند.
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی دەوڵەتی ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی لیبی وێڕای ئاماژە کردنی ڕاشکاوانە بە ناوی وڵاتانێکی وەک میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و میسرو فەرانسا وتی: جێگای داخ و مەخابنە کە وڵاتانی دیکە لە سەر دەستوەردانیان لە کاروباری نێوخۆیی لیبی و پشتگری کردن لە «خەلیفە حەفتەر» کە «تاوانکارێکی جەنگی و تامەزرۆی خوێنە»، بەردەوامن.
سەرۆک وەزیرانی لیبی بە پەرۆشەوە باسی ئەوەی کرد کە لیبی لە بەر دەستوەردانی نەرێنیی بیانییەکان خەریکە تووشی قەیرانێکی شێلگیرانە دەبێت و ئینجا وتیشی:میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان مافی ئەوەی بە خۆی داوە ھەتا ببێتە بەستێنێکی میدیایی بۆ میلیشیاکان و میسریش بەنیازە ئامۆژگاریی لیبی بکات.
«فائیز ئەلسیراج» ھەروەھا تیشکی خستە سەر دۆزرانەوەی موشەکی فەرانسی لە ناوچەیەکی وڵاتەکەی کە ھێزە دەوڵەتیەکانی لیبی لە ھێزەکانی حەفتەریان سەندووەتەوە.
ھێزەکانی ژێر فەرمانی ژنراڵ «خەلیفە حەفتەر» ناسراو بە سوپای نیشتمانیی لیبی لە چوارەمی ئاپریلی ٢٠١٩ ەوە بە داکۆکیی عەرەبستانی سەعودی و میسر و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و بڕێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، پەلامارێکیان بە مەبەستی داگیرکردنی تەرابلۆسی پێتەختی ئەم وڵاتە دەست پێ کردووەو کەچی ھەتا ئێستا لەو ئامانجەیاندا سەرنەکەوتوون. بە پێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ، لەو پەلامارانەدا ١٢٠ ھەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیانیان لە دەست داوە .